نەتەوە یەکگرتووەکان: لە سوودان زیاتر لە 600 هەزار کەس ڕووبەڕووی برسییەتی دەبنەوە

سکتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، نزیکەی 638 هەزار کەس لە سوودان ڕووبەڕووی برسییەتی کارەساتبار دەبنەوە، کە ئەو ڕێژەیە زۆرترین ژمارەیە لە جیهاندا.

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند "نیگەرانم لە تێکچوونی دۆخی ویلایەتی دارفۆر لە باکووری سوودان، کە بەردەوام هێرشی توند بەخۆیەوە دەبینێت .

دەشڵێت: هێرش کراوەتە سەر کەمپی زمزم و ئەبو شووکی ئاوارەکان کە ئێستا هەردووکیان بەدەست برسێتیەوە گرفتارن و بەپێی زانیارییەکان سەدان هاووڵاتی مەدەنی گیانیان سپاردووە لەنێویاندا کارمەندانی هاوکاریی مرۆیی.

لە بەیاننامەیەکی گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان هاتووە "سکرتێری گشتیی، نیگەرانە سەبارەت بە ڕاپۆرتەکانی هەراسانکردن و تۆقاندن و دەستبەسەرکردنی ئاوارەکان لە خاڵەکانی پشکنین، بە مەزەندەکردن 400 هەزار کەس ناچاربوون لە کەمپی زمزم لە سەرەتای ئەم مانگەدا هەڵبێن."

سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئاماژەی بەوەش کرد، سەرەڕای بەردەوامیی نائەمنی و کەمیی دارایی، نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوبەشە مرۆییەکانی، هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ فراوانکردنی خێرای پاڵپشتییە فریاگوزاریەکان لە ناوچەی تەویلە لە باکووری دارفور، کە زۆرینەی ئاوارەکانی زمزمی لە خۆ گرتووە.

باسی لەوەش کرد، قەبارەی پێداویستییەکان زۆر گەورەیە، لەگەڵ ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن زۆربەی ژن و منداڵان بێهیوا بوون و سنوورەکان دەبڕن و دەچنە ناوچەی تچادەوە بۆ گەڕان بەدوای سەلامەتی و هاوکاریدا.

لە ناوچەکانی دیکەی سوودان توندوتیژی دژ بە خەڵکی مەدەنی بەردەوامە و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەواڵی کوشتنی بەکۆمەڵ لە ئوم دەرمان لە ویلایەتی خەرتووم، بڵاو کراوەتەوە.

ململانێکانی سوودان دەچێتە ساڵی سێیەمەوە، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی لە گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بە شێوەیەکی سەلامەت و بێڕێگریی، بۆ هەموو ناوچە لێقەماوەکان و پاراستنی خەڵکی مەدەنی، کردەوە.

ئەمینداری گشتیی داوای وەستاندنی دەستبەجێی شەڕ و پێکدادانەکانی کرد و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، بەپەلە هەنگاو بنێن بۆ یارمەتیدان بە کۆتاییهێنان بە ئازار و وێرانکارییە بەردەوامەکان.

لای خۆیەوە پرۆگرامی خۆراکی جیهانی هۆشداری دا لەوەی وەرزی بارانی داهاتوو و کەمیی بودجە، هەڕەشە لە پێشکەوتنەکانی ئەم دواییە دەکات لە بەرەنگاربوونەوەی برسییەتی لە سوودان.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment