وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا حەوت دامەزراوەی دیکەی ئێرانی خستە لیستی سزاکانییەوە

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا حەوت دامەزراوەی دیکەی ئێران و دەرەوەی ئێرانی خستە لیستی سزاکانییەوە کە لە بازرگانیی بەرهەمە نەوتی و پیترۆکیمیاییەکانی ئێراندا ڕۆڵ دەگێڕن.
ئەو دامەزراوانەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا تۆمەتباری کردوون بەوەی بە زانیارییەوە لە کڕین و فرۆشتن و گواستنەوە و دۆزینەوەی بازاڕ بۆ بەرهەمە پیترۆکیمیاییەکانی ئێراندا بەشدارییان کردووە، لە وڵاتانی ئێران و تورکیا و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبین.
ئەمەریکا دەڵێت، ئەو کۆمپانیایانە بە ساختەکاری بەرهەمە نەوتییەکانی ئێران بار دەکەن و دەیگەیەنن بە دەستی کڕیارانی ئاسیایی.
ڕاگەیاندنی ئەو سزا نوێیانە وەکوو هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی سیاسەتی ئەوپەڕی گوشاری ئەمەریکا دژی ئابووریی ئێران، هاوکاتە لەگەڵ دانوستانەکانی هەردوو وڵاتەکە سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران کە بڕیارە ڕۆژی شەممە چوارەمین گەڕی لە ئیتاڵیا بەڕێوە بچێت.