عێراق داوای زامن کردنی پشکی ئاو لە تورکیا دەکات

شاندێکی پەرلەمانی عێراق سەردانی شاندێکی پەرلەمانی تورکیای کرد و کۆمەڵێک پرسیان تاوتوێ کرد کە گرنگترینیان دۆسییەی ئاو بوو کە شاخەوان عەبدوڵلا داوای لە لایەنی تورکیا کرد،  پشکی عێراق لە ئاو زامن بکەن.

پێنجشەممە، 1ـی ئایاری 2025، نووسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕایگەیاند، شاخەوان عەبدوڵلا، سەرۆکی شاندی عێراق لەگەڵ هاوتا تورکیەکەی فراوانکردنی هاوکاریی و پتەوکردنی پەیوەندیە دووقۆڵییەکان و دۆسییەی ئاو، تاوتوێ کراوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی پەرلەمانیی وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانی ناتۆ، کە لە تورکیا بەڕێوە دەچێت، شاندی عێراق، بە سەرۆکایەتیی د. شاخەوان عەبدوڵلا، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەندامانی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمان، لەگەڵ مەولوود چاوش ئۆغڵۆ، سەرۆکی شاندی پەرلەمانی تورکیا کۆ بووەوە."

ڕاشیگەیاند " شاخەوان عەبدوڵلا و چاویش ئۆغڵو، لە میانی دیدارێکدا، تاوتوێی ژمارەیەک پرس و بابەتی جێی بایەخی هەردوو وڵاتیان کرد. لەوانە، فراوانکردنی قەبارەی هاوکاریی لە بواری ئابووری و وەبەرهێنان و پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵیەکانی هەردوو وڵاتی دراوسێ."

هەروەها سەرۆکی شاندی عێراق داوای لە لایەنی تورکیا کرد، پشکی عێراق لە ئاو زامن بکەن، بە شێوەیەک پێویستیەکانی دابین بکات و شوێنەواری وشکەساڵی کەم بکاتەوە بە تایبەتی لە وەرزی هاوینی ئەمساڵدا.


 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment