ئەحمەد خەفاجی: حکوومەتی عێراق لە بەرەنگاربوونەوەی تای خوێنبەربوون لاوازە

پارێزگای زیقار بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تای خوێنبەربوون داوای 100 پزیشکی ڤێتەرنەری دەکات

لیژنەی تەندروستی لە ئەنجوومەنی پارێزگای زیقار ڕایگەیاند، ژمارەی تووشبووانی تای خوێنبەربوون بەرزبووەتەوە و داوای  100 پزیشکی ڤیتەرنەرییان کردووە، تاوەکوو بتوانن بەرەنگاریی نەخۆشیەکە ببنەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 1ـی ئایاری 2025، لیژنەی تەندروستی لە ئەنجوومەنی پارێزگای زیقار ڕایگەیاند، پارێزگاکەیان لە پێشەنگی پارێزگاکانی دیکەی عێراقە لە حاڵەتەکانی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون. ئاماژەی بەوەش کردووە، بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەکە، پێویستیان بە 100 پزیشکی ڤێتەرنەری هەیە.

ئەحمەد خەفاجی، سەرۆکی لیژنەی تەندروستی لە ئەنجوومەنی پارێزگای زیقار بە میدیایەکی عێراقی گوتووە "پارێزگای زیقار زۆرترین ژمارەی تووشبووانی تای خوێنبەربوونی تۆمار کردووە، کە تا ئێستا گەیشتووەتە 15 حاڵەت."

خەفاجی ڕوونی کردەوە هۆی زۆریی ئەم ژمارەیەی تووشبووان دەگەڕێتەوە بۆ دوو هۆ، یەکەمیان کەمیی توانا ماددییەکانە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم مەترسییە و دووەمیشیان کەمیی پزیشکانی ڤێتەرنەرییە لە ناسرییە، ئەمەش بەشی کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکە لە سەرجەم پارێزگاکە ناکات.  

باسی لەوەش کرد "ئێستا نەخۆشخانەکەیان پێویستی بە 100 پزیشکی ڤێتەرنەری هەیە بۆ پاڵپشتیی ستافەکەیان لە بەرەنگاربوونەوەی تای خوێنبەربوون."

سەرۆکی لیژنەی تەندروستی لە ئەنجوومەنی پارێزگای زیقار ڕایگەیاند، هۆی دووەم بریتییە لە لاوازیی ڕێکارەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی شارەوانی لە چاودێریی حاڵەتەکانی لەوەڕاندنی نایاسایی لە ناو شار و شوێنەکانی دیکە، پێویستە ڕۆژانە چاودێریی ئەم بابەتە بکەن و ڕاپۆرتی خێرا پێشکەش بکەن.

خەفاجی دەشڵێت "هەروەها لاوازیی ڕێوشوێنە ئەمنییەکانی بازگەکان سەبارەت بە گواستنەوەی ئاژەڵان بۆ ناو پارێزگا و دەرەوەی پارێزگاکە، هۆیەکی دیکەی بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشییە ڤایرۆسیەیە، هەروەها نیشاندانێکی ڕوون و ئاشکرایە بۆ لاوازیی ئەدای حکوومەتی خۆجێی و دەزگاکانی دەوڵەت."

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment