ئەسعەد شەیبانی: دەستوەردانی دەرەکی، دووبەرەکی و ئاژاوەی لێ دەکەوێتەوە

وەزیری دەرەوەی سووریا ڕایگەیاند، ئەوانەی داوای دەستوەردانی دەرەکی دەکەن، بەرپرسیاریەتییەکی مێژوویی و ئەخلاقی و سیاسی لە بەردەم سوورییەکان و مێژوودا هەڵدەگرن.
پێنجشەممە، 1ـی ئایاری 2025، وەزیری دەرەوەی سووریا، ئەسعەد شەیبانی لە پلاتفۆرمی 'ئێکس' ڕایگەیاند، لەم قۆناغە گرنگەی مێژووی نەتەوەکەماندا، دووپاتی دەکەینەوە کە یەکێتیی نەتەوەیی بنەمایەکی تۆکمەیە بۆ هەر پرۆسەیەکی سەقامگیری یان پێشکەوتن، هەروەها مەزهەبگەرایی و ناتەبایی و جیابوونەوە ڕەت دەکەینەوە، ئەمەش تەنیا هەڵبژاردنێکی سیاسی نییە، بەڵکو پێویستییەکی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتییە بۆ پاراستنی پەیکەری کۆمەڵایەتی و مێژوویی هەمەچەشنمان.
ئەسعەد شەیبانی گوتیشی: هەر داوایەک بۆ دەستوەردانی دەرەکی، بە هەر بیانوویەک بێت، تەنیا ئاژاوە و دووبەرەکیی زیاتری لێ دەکەوێتەوە، چونکە ئەزموونی ناوچەکە و جیهان شایەتحاڵی ئەوەن کە گەلان چۆن باجی دەستوەردانە دەرەکیەکان دەدەن، کە زۆرجار لەسەر حسابی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان، خزمەت بە ئەجێندای دەرەکی دەکەن کە پەیوەندییان بە خواستەکانی گەلی سووریاوە نییە.
وەزیری دەرەوەی سووریا، ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوانەی داوای دەستوەردانی لەو شێوەیە دەکەن بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی و ئەخلاقی و سیاسی لە بەردەم سوورییەکان و مێژوودا هەڵدەگرن، چونکە دەرئەنجامی ئەو داوایانە بە وێرانکارییەکی ڕاستەوخۆ کۆتایی نایەت، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ ماوەی دەیان ساڵ لە هەڵوەشانەوە و لاوازی و دابەشبوون.
شەیبانی جەختی کردەوە، ئێمە پێمان وایە ڕێگای سەقامگیری بە گفتوگۆ و هاوبەشی ڕاستەقینە لە نێوان هەموو پێکهاتەکانی گەلی سووریادا بەدیدێت، دوور لە دیکتاتۆریەتی و لە ژێر چەتری سەروەری سووریادا. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە هیچ کەسێک لە گەلەکەی زیاتر گرنگی بە سووریا نادات و هیچ هێزێکی دەرەکیش بەبێ ئیرادەیەکی جەماوەریی نەتەوەیی ڕاستەقینە ناتوانێت دەوڵەتێکی بەهێز بنیات بنێت.
هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڕێبەری ڕۆحیی درووزەکان لە سووریا، پەیامێکی بەپەلەی بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناردووە و داوای کردووە سووریاییەکان لە کۆمەڵکوژی و تاوانکاریی سیستماتیکی بپارێزن.