کاروانێکی سەربازی ئەمەریکا بەرەو بنکەی ئاسمانی گەیارە جووڵەیان پێ کراوە

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 1ـی ئایاری 2025، سەرچاوەیەکی ئەمنی بڵاوی کردەوە، کاروانێکی هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا بەرەو بنکەی ئاسمانی گەیارە کە دەکەوێتە باکووری پارێزگای سەڵاحەددین، جووڵەیان پێ کراوە.

سەرچاوە ئەمنییەکە بە میدیاکانی عێراقی ڕاگەیاندووە "ئەو هێزە ئەمەریکاییە بینراوە کە بەرەو بنکەی ئاسمانی گەیارە دەڕۆن، بەبێ ئەوەی قەبارەی هێزەکە و چۆنیەتیی ئەرکەکەی ئاشکرا بکرێت."

جەختیشی کردەوە، جووڵەی ئەو هێزە لەژێر ڕێوشوێنێکی توندیی ئەمنی بووە، بەڵام تاوەکوو ئێستا هیچ لایەنێکی پەیوەندار ڕوونکردنەوەی فەرمییان لەسەر ئەو بابەتە نەداوە یان ئامانجەکانی ئەو هێزەیان ئاشکرا نەکردووە.

بنکەی ئاسمانیی گەیارە بنکەیەکی سەربازیی ستراتیجییە کە پێشتر هێزەکانی ئەمەریکا لە ئۆپەراسیۆنەکاندا وەک بەشێک لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش بەکاریان دەهێنا، نزیکەی 60 کیلۆمەتر لە باشووری موسڵەوە دوورە.

هەر بەگوێرەی سەرچاوە هەواڵییەکان ئەگەری زۆرە ئەم کاروانە لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە هاتبن، ئەمەش لە چوارچێوەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکایە لە سووریا.
ئاماژە بەوەش کراوە "لە وێنەی ئۆتۆمبێلە سەربازییەکان دەرکەوتووە کە یەکێکیان ئۆتۆمبێلی کو‌غاری ئەمەریکییە ئۆتۆمبێلێکی زرێپۆشی هەڵگرتووە، کە زرێپۆشەکە بە شێوەیەک دروستکراوە بەرگەی مین و بۆمبی چێندراو دەگرێت.

هەروەها یەکێکی دیکە لە بارهەڵگرەکان ئۆتۆمبێلێکی هەڵگرتووە کە سیستەمی بەرگری ئاسمانی لەیزەریی بۆ خستنە خوارەوەی مووشەکی بالیستی جۆری HEL-MD ـە، لەسەرە.

 

 

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment