پەکەکە، پەلاماردانەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی لە ئەستۆ گرت

پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بەرپرسیارێتی خۆی لە پەلاماردانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنووری پارێزگای دهۆک ڕاگەیاند، کە بەهۆیە پێنج پێشمەرگە بریندار بوون. 

پەکەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا بەرپرسیارێتی خۆیی لە هەردوو هێرشەکەی سەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان ڕاگەیاند، کە ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممەی ئەم هەفتە لە سنووری پارێزگای دهۆک کردوویانەتە سەر بنکەیەکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان. 

پەکەکە پاساوی پەلاماردانی پێشمەرگەیان گەڕاندووەتەوە بۆ دامەزراندنی بنکەیەکی نوێی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و ئاماژەیداوە، دانانی ئەو بنکەیە دەبێتە ڕێگری لەبەردەم چالاکیی چەکدارانی پەکەکە. ئەمەش لە کاتێکدایە بنکەکەی پێشمەرگە دەکەوێتە سنووری شارۆچکەی ئامێدی و قوڵایی خاکی هەرێمی کوردستان.

هەر لە بارەی هێرش و پەلاماردانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، سێشەممە 29ی نیسانی 2025، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، گرووپێکی تیرۆریستی، لە دوو هێرشی جیاوازدا، بە درۆن بنکەکانی هێزی پێشمەرگەیان لە سنووری پارێزگای دهۆک کردووەتە ئامانج و لە ئەنجامدا پێنج پێشمەرگە بریندار بوون، بەڵام بارودۆخی بریندارەکان باشە و پێشمەرگەکان ئامادەن بە ئیرادەیەکی پۆڵایین بەرپەرچی هەرجۆرە پیلان و هێرشێکی ناحەزان بدەنەوە.

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشداوە، هەندێ لایەن و گرووپ هەوڵدەدەن پرۆسەی ئاشتی و سەقامگیری لە دەڤەرەکەدا پەک بخەن.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment