سەرۆکی شارەوانیی سەحنایە کوژرا

پارێزەر حوسام وەرور، سەرۆکی شارەوانیی شارۆچکەی سەحنایە
پارێزەر حوسام وەرور، سەرۆکی شارەوانیی شارۆچکەی سەحنایە

مێدیا عەرەبییەکان بڵاویان کردەوە، سەرۆکی شارەوانیی سەحنایە و کوڕەکەی، لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە تەقەیان لێ کرا و کوژران.

پێنجشەممە 1ـی ئایاری 2025، بەپێی هەواڵێکی مێدیا عەرەبییەکان، حوسام وەرور، سەرۆکی شارەوانیی شارۆچکەی سەحنایە و کوڕەکەی، دوای چەند کاتژمێرێک لە هاتنی هێزەکانی وەزارەتی بەرگری و ناوخۆی سووریا بۆ شارۆچکەکە، لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە تەقەیان لێ کرا و کوژران.

مێدیا عەرەبییەکان ئاماژەیان بەوە کرد، هێزە ئەمنییەکانی سووریا دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردەوە بۆ ئاشکراکردنی ناسنامای تاوانبارەکە.

ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سووریا "سانا"، چوارشەمە 30ـی نیسانی 2025، بڵاوی کردبووەوە، ڕێککەوتنێکی سەرەتایی بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە شاری جەرمانە و شارۆچکەی سەحنایە لە ڕیف دیمەشق ئەنجام دراوە.

هەر دوێنێ، دەسەڵاتدارانی سووریا، ڕەوانەکردنی هێزیان بۆ شاری جەرمانە، بە مەبەستی بەرقەرارکردنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە ڕاگەیاند.

هێزە ئەمنییەکانی سووریا، بەڵێنایان داوە کە هەموو پێکهاتەکانی وڵاتەکە بپارێزن بە درووزەکانیشەوە، ئەمەش دوای شەڕ و پێکدادانەکان دێت، کە لە ماوەی دوو ڕۆژدا نزیکەی 40 کەس کوژران، هەر ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ئیسرائیل دەستوەردان بکات و هێرشی ئاسمانی بکاتە سەر ناوچەکە.

 
 
Fly Erbil Advertisment