واڵتز و جێگرەکەی دەست لەکار دەکێشنەوە

مێدیا ئەمەریکییەکان بڵاویان کردەوە، مایک واڵتز، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا و جێگرەکەی، دەستیان لەکار کێشایەوە
پێنجشەممە 1ـی ئایاری 2025، ڕۆژنامەی وۆڵ سترت جۆرناڵ، بڵاوی کردەوە، مایک واڵتز، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا دەستی لەکار کێشایەوە، دوای ئەوەی تێوەگلاوە لە دزەپێکردنی زانیارییە نهێنییە سەربازییەکان.
لەلایەکی دیکەوە کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمەریکی بڵاوی کردەوە، جێگری واڵتزیش دەستی لەکار کێشایەوە، هەروەها دۆناڵد ترەمپ، ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی هۆکارەکە بۆ هاووڵاتییان ئاشکرا بکات.
لای خۆیەوە ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری چەند سەرچاوەیەک ئاشکرای کردووە، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یەکێکە لە بژاردەکانی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ پۆستی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی.
ترەمپ بە نیازە ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی خۆی بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بکاتە شوێنگرەوەی واڵتز و پۆستی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەی پێ بدات.
ئەمەش لە کاتێکدایە جێفری گۆڵدبێرگ، ڕۆژنامەنووسی ئەمەریکی و نووسەر لە گۆڤاری 'ئەتلانتیک'، ڕاگەیاندبوو، ڕۆژی پێنجشەممە، 13ـی ئاداری 2025، بە هەڵە خراوەتە نێو گرووپچاتێکی "سیگناڵ" کە تێیدا ژمارەیەک بەرپرسی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، زانیارییە تایبەتییەکانی هێرش بۆ سەر حووسییەکانی یەمەنیان، ئاڵوگۆڕ کردووە.
باسی لەوەش کردبوو، گرووپەکە بە ناوی 'گرووپی بچووکی حووسییەکان' بوو، تێیدا زانیاریی گرنگ و نهێنی لە نێوان بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ ئاڵوگۆڕ دەکران.