لە مانگی ئادارەوە تا ئەمڕۆ زیاتر لە دوو هەزار کەس لە غەززە کوژراون
ژمارەی ئەو فەڵەستینییانەی لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023 تاوەکوو ئێستا لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل لە غەززە کوژراون، بۆ 52 هەزار و 418 کەس و ژمارەی بریندارانیش بۆ 118هەزار و 91 کەس بەرزبووەتەوە.
وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین لە غەززە لە ڕاگەیاندراوێکدا، دوایین ئاماری قوربانییانی کەرتی غەززەی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاندووە، تەنیا لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا، 18 فەڵەستینی بەهۆی ھێرشەکانی ئیسرائیل لە ناوچە جیاجیاکانی غەززە کوژراون و 77 کەسی دیکەش بریندار بوون.
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ژمارەی ئەو فەڵەستینییانەی لە 18ـی مانگی ئاداری ئەمساڵەوە تا ئێستا لەھێرشەکانی ئیسرائیلدا کوژراون، بۆ دوو ھەزار و 326 کەس بەرزبووەتەوە و ژمارەی بریندارنیش، گەیشتووەتە شەش ھەزار و 50 کەس.
یەکشەممە 27ـی نیسانی 2025، شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان بن جاسم ئەلسانی، سەرۆک وەزیرانی قەتەر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەی ڕۆژی پێنجشەممە ڕابردوو لە دەوحە لەگەڵ دەیڤید بارنیا، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) لەبارەی ڕاگرتنی شەڕی غەززە کەمێك بەرەوپێشچوون هەبوو.
سەرۆک وەزیرانی قەتەر گوتیشی: پرسیاری ئەوەی ئەم شەڕە چۆن کۆتایی دێت، ئەمە کلیلی دەستپێکردنی هەموو دانوستانەکانە.