سبەی خۆڵبارین و ڕەشەبایە و ئامۆژگاری هاووڵاتییان دەکرێت نەچنە سەیران

سبەی شەپۆلێکی خۆڵبارین بە ڕەشەباوە هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و کاریگەرییەکانیشی لە هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر دەبێت، محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی پەیامێکی بۆ سەیرانکەران هەیە، سبەی لە ماڵەکانیان بمێننەوە نەچنە گەشت و سەیران.
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی لە هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە، 1ـی ئایاری 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: پێشبینی دەکرێت سبەی هەینی 2ی ئایاری 2025، ڕەشەبایەکی بەهێز بە خۆڵبارینەوە هەرێمی کوردستان بگرێتەوە.
گوتیشی: کاریگەرییەکانی ڕەشەبا و خۆڵبارین لە سنووری هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر دەبێت.
بە گوێرەی پێشبینییەکانی محەممەد کەمال، سبەی لە دوای نیوەڕۆوە ناو بەناو پێشبینی نمەبارانی پچڕ پچڕ و هەورە بروسکە دەکرێت، ئەم کەشە تا ئێوارەی ڕۆژی شەممە بەردەوام دەبێت.
هەروەها ئاماژەی دا، بەهیچ شێوەیەک سبەی هەینی لە ماڵەوە نەچنەدەر و سەیران نەکەن.