سروودی ئەی ڕەقیب لە ئێران هەڵڵا دەنێتەوە

پارێزگاری قەزوێن: پێشوازی لە پارێزگاری هەولێر بە هەماهەنگیی وەزارەتی ناوخۆ و بە ڕەچاوکردنی پرەنسپە دیبلۆماتییەکانی وەزارەتی دەرەوە بووە

پێشوازی لە پارێزگاری هەولێر بە سروودی ئەی ڕەقیب لە پارێزگای قەزوێنی ئێران، لە نێو بەشێک لە میدیا فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامی و تۆڕە کۆمەڵاتییەکان هەڵا دەنێتەوە، بەڵام پارێزگاری قەزوێن دەڵێت: هەموو کارەکان بە هەماهەنگیی وەزارەتی ناوخۆ و بە گوێرەی پرۆتۆکۆلی دیبلۆماتی بەڕێوە چوون. 

پارێزگاری قەزوینی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا، سەبارەت بە پێشوازی لە ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر بە سروودی ئەی ڕەقیب، ڕوونکردنەوەی دا و دەڵێت: هەموو پرەنسەکانی پرۆتۆکۆلی دیبلۆماتی لە پێشوازی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ قەزوێن ڕەچاوی کراوە.

ڕوونکردنەوەکە ئەمڕۆ پێنجشەممە 1ی ئایاری 2025، لە ئاژانسی ئیرنا، کە ئۆرگانی فەرمی حکوومەتی ئێرانە بڵاوکراوەتەوە و تێیدا هاتووە؛ تایبەت بە سەردانی پارێزگاری هەولێری هەرێمی کوردستان بۆ قەزوێن، پێویستە ڕوونی بکەمەوە، کە ئەم سەردانە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ و بە ڕەچاوکردنی تەواوی پرەنسپەکانی دیبلۆماتی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕێکخرابوو.

هەروەها ئاماژەیداوە، لە کۆبوونەوەی چالاکییە ئابوورییەکانی پارێزگاکە، کە بە ئامادبوونی هەردوو پارێزگاری قەزوێن و هەولێر و شاندی یاوەریان بەڕێوە چوو، سروودی نیشتمانی ئێران و عێراق لێدراوە.

پارێزگاری هەولێر کە تاوەکوو ئێستاش بە سەرۆکایەتیی شاندێک لە کۆماری ئیسلامی ئێرانە، لە کاتی سەردانی بۆ پارێزگای قەزوێن، بە سروودی ئەی ڕەقیب پێشوازی لێکرا، ئەمەش لە نێو بەشێک لە میدیا فەرمییەکانی ئێران و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگدانەوەی دروستکردن و ڕەخنە لە پارێزگاری قەزوێن گیرا، گوایە لە بری سروودی نیشتمانی عێراق، سروودی نیشتمانی کوردستان لێدراوە و تەواوی بەرپرسانی پارێزگاکەش ڕێزیان لە سروودەکە گرتووە، ئەمەیان بە هەنگاوێکی سەیر ناوبردووە.

 
 
Fly Erbil Advertisment