یەکەم حاڵەتی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان تۆمارکرا

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی  ڕایگەیاند: یەکەم حاڵەتی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە.

دکتۆر سەرکار سورچی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: ئەمڕۆ هەینی 2ـی ئایاری 2025، یەکەم حاڵەت بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان تۆمارکرا ئەویش هاوڵاتییەکی شاری ( کۆیە ) یە، تەمەنی ( 42 ) ساڵە و پیشەی گۆشتفرۆشە، لە ئێستادا لە نەخۆشخانەیەکی شاری هەولێر چارەسەری پزیشکی وەردەگرێت و دۆخی تەندروستی جێگیرە . 

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی جەختی  لەجێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی کردەوە و داوای لە هاووڵاتییان کرد لەکاتی هەبوونی نیشانەکانی نەخۆشی لەسەر ئاژەڵ پێویستە تیمەکانی ڤێترنەری ئاگاداربکەنەوە.
یاخود ئەو هاووڵاتییانەی  ئاژەڵ بەخێودەکەن، یاخود بەرهەمەکانی ئاژەڵ دروست دەکەن، لەکاتی بوونی هەر نیشانەیەکی ناتەندروست، سەردانی نەخۆشخانەکان بکەن.

یەکشەممەی ڕابردوو، 27ـی نیسانی 2025، لە دیوانى پارێزگای هەولێر، کۆبوونەوەیەکى تایبەت سەبارەت بە بەرگرتن و خۆپارێزیى لە نەخۆشى تای خوێنبه‌ربوون کە نه‌خۆشییه‌كی ڤایرۆسی مه‌ترسیداره‌ بۆ سه‌ر ژیانی مرۆڤ، بەڕێوە چوو.

لە پێناو کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکە و پاراستنى سەلامەتى گیانى هاووڵاتییان و ڕێگەگرتن لە مەترسییەکانى بڵاوبوونەوە، چەند بڕیارێک لەو کۆبوونەوەیەدا دەرکران:

1- بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادرێت ئاژەڵ لە دەرەوەى کوشتارگەکان بەبێ پشکنینى ڤێتەرنەرى سەر ببڕدرێت، هەر کەس و لایەنێک سەرپێچى بکات ڕێکارى توندى یاسایی لە بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

2-  قەسابەکان پابەندن بن بە ڕێنماییە تەندروستییەکان بە لەبەرکردنى کەلوپەلى خۆپارێزى.

3- پێویستە هاووڵاتییان گۆشتیى سوور لە شوێنى ڕێگەپێدراو بکڕن و دەستکێش لەدەست بکەن و هیچ برینێک نەبێت و تەختەى لەتکردنى گۆشت لە تەختەى لەتکردنى سەوزە جیاواز بێت.

4- بە هاوکارى یەکە کارگێڕیەکان، دەست بکرێت بە هەڵمەتى شوشتن و ڕشاندنى ئاژەڵى خۆماڵى.

5- لەلایەن هۆبەکانى ڤێتەرنەرى و موختارى گوندەکان، هەموو ئەو هاووڵاتییانەى خاوەنى ئاژەڵ و کارى ئاژەڵدارى دەکەن، ئاگادار بکرێنەوە لە ڕشاندنى ئاژەڵەکانیان بە دەرمانى دژە (قرنە) کە ئێستا بەردەوامە.

6- ڕشاندنى گۆڕەپان (مەیدان)ى ئاژەڵان بە گشتى کە ئێستا دەستى پێکردووە.

7- خاوەنى کێڵگەکان و بازرگانانى ئاژەڵان، دەبێت پابەندبن بە ڕشاندنى ئاژەڵەکانیان بە سەرپەرشتى ڤێتەرنەرى.

8- دەبێت باخچەکانى ئاژەڵانى سنوورى پارێزگاى هەولێر، لە ژێر سەرپەرشتىی ڤێتەرنەرى هەموو ئاژەڵەکانیان بشۆن و بڕشێنن.

9- هاتنى ئاژەڵ و گۆشت لە دەرەوەى شارى هەولێر بەبێ پشکنینى ڤێتەرنەرى و پزیشکى، بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.

 

 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment