وان.. دوو لەق لەق 15 ساڵە میوانی ماڵێکن

دوو لەق لەق چەندین ساڵە بوونەتە میوانی ماڵێک لە باکووری کوردستان و ئەمساڵ بەهۆی گۆڕانی کەش و هەوا درەنگتر گەڕاونەتەوە هێلانەکانییان.

یەڵماز ساکین لەنێو حەوشەی ماڵەکەی لە پارێزگای وانی باکووری کوردستان، ماوەی 15 ساڵە میوانداری دوو " لەق لەق" دەکات و لەسەر دارێکی بەرز هێلانەیان دروستکردووە.

یەڵماز ساکین ڕایگەیاند: ئەمساڵ لەگەڵ گەرمبوونی کەشوهەوا هەردوو لەق لەقەکان گەڕانەوە هێلانەکانیان، بەڵام ئەمساڵ لە 19ـی نیسان گەڕانەوە، درەنگتر لە ساڵانی ڕابردوو.

یەڵماز ساکین گوتیشی" بە گەڕانەوەی هەردوو لەق لەقەکان زۆر دڵخۆشبووین، سەرەتا ترساین لەوەی ئەمساڵ نەگەڕێنەوە، بەڵام دواتر کە بینیمان هاتوونەتەوە نێو هیلانەکەیان زۆر دڵخۆشبووین"

وەک ئەو هاووڵاتییە باسی دەکات، زۆر ئاگاداری هەردوو لەق لەقەکانە و تەنانەت بۆ پاراستنییان سندوقێکی تایبەتی بۆ داناون.

منداڵانی گەڕەک ڕۆژانە دەچنە نزیک ماڵی یەڵماز ساکین بۆ دیتنی لەق لەقەکان و دڵخۆشن بە دیتنییان.