کوشتارگەی کۆیە داخرا

دوای تۆمارکردنی یەکەم حاڵەتی توشبوون بە تای خوێنبەربوون لە   شارۆچکەی کۆیە، کوشتارگەی شارۆچکەکە داخرا.

دکتۆر خەیڕوڵڵا خزر، سەرپەرشتیاری کوشتارگەی کۆیە بۆ کوردستان24 گوتی: لە پێناو پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی تای خوێنبەربوون، بڕیارماندا بە داخستنی کوشتارگەی کۆیە بۆ کاتێکی نادیار.

بڕیاری داخستنی کوشتارگەکە لە کاتێکدایە ئەمڕۆ هەینی 2ی ئایاری 2025، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی کۆیە، یەکەم حاڵەتی تووشبوون بە تای خوێنبەربوونی لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند.

لەمبارەوە شیروان جەلال، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی کۆیە بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، توشبووەکە تەمەنی 42 ساڵە، نیشانەکانی نەخۆشیەکە، بەتایبەت پلەی گەرمی بەرزو لەشداهێزان و بێتاقەتی تێدابووە.

هەروەها ئاماژەیدا، سێ ڕۆژ لە نەخۆشخانەی شەهید دکتۆر خالید لە کۆیە لە ژێر چاودێری و چارەسەردا بووە، تا پشکنینەکانی لە بەغدا گەڕاوەتەوە و دەرکەوتووە تووشی تای خوێنبەربوون بووە، بەڵام حاڵەتەکەی قورس نییە بەو ڕادەیەی خوێنبەربوونی ناوەکی و دەرەکی هەبێ.

هەروەها وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی چەند ڕێنماییەکی خۆپارێزی بڵاوکردووەتەوە:

1- سەربڕینی ئاژەڵ پێویستە لەناو ئەو سەربڕنخانانەدا بێت کە ڕێگەپێدراون و پزیشکی ڤێنتەرنەری سەرپەرشتیی دەکات.

2- لەکاتی سەربڕینی ئاژەڵ و کەوڵکردن یان پارچەپارچەکردنی گۆشتەکەیان، جلوبەرگی خۆپارێزی وەک: دەستکێش، جزمە، بەرگی تایبەت، ماسکی دەموچاو بەکار بهێنرێن.

3- نابێت خێزان یان خەڵک لە چواردەوری قەساب کۆببنەوە و هاوکاریی بکەن.

4- بەبێ دەستکێش دەست لە کەلاش مەدەن، دوای پۆشینی دەستکێش و کەلوپەلی خۆپارێزی، گۆشتەکە پارچەپارچە بکەن و پاشان دەست بە باشی بشۆردرێ.

5- لابردنی پاشماوەی ئاژەڵە سەربڕاوەکان و دانانی کیسی داخراو و فڕێدانی بۆ شوێنی تایبەت.

6- بەکارهێنانی چەقۆ و تەختەی پارچەپارچەکردنی تایبەت بە گۆشت، هەروەها پاکژکردنەوەی تەختە و چەقۆکان دوای بەکارهێنان.

7- پاککردنەوەی ئەو شوێنەی ئاژەڵەکەی لێ سەر دەبڕدرێت، بە تایبەت ئەو شوێنانەی خوێنی لێیە بە ماددەی کلۆرین پاک بکرێنەوە.

8- باشتر وايە گۆشت دواى سەربڕينى ئاژەڵ بۆ ماوەى 24 كاتژمێر لە پلەى (4-8) پلەى سەدى هەڵبگيرێت، پاشان بەكار بهێنرێت. بەڵام گۆشتی کوڵاو هیچ کێشەی نییە و نابێتە هۆی توشبوون بە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون.

9- ئەگەر ئاژەڵ گەنە يان مێرووى ترى هەبوو باشتر وايە سەر نەبڕدرێت.

 
 
Fly Erbil Advertisment