ئیسرائیل دەوروبەری دیمەشق و حەمای بۆردومان کرد

فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل دەوروبەری شاری حەما و دیمەشقیان لە سووریا بۆردومان کرد.
هەینی 2ـی ئایاری 2025، ڕۆژنامەی ئەلوەتەنی سووری بڵاوی کردەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بنکەیەکی سەربازیی سەر بە ڕژێمی ئەسەدیان لە دەوروبەری شاری حەما بۆردومان کرد.
بەپێی هەواڵی ڕۆژنامەکە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر سووریا دەست پێکردووەتەوە و، ناوچەی شەعرەیان لە دەوروبەری شاری لازقییە کردووەتە ئامانج.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل، ئێستا بەسەر ئاسمانی دیمەشقدا دەسوڕینەوە و دەنگی تەقینەوەی گەورەش بیستراوە، هەورەها دەوروبەری شارەکەشیان بۆردومان کردووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە هەر ئەمڕۆ، دەستەی پەخشی ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو، سوپای ئیسرائیل کۆمەڵێک ئامانجی لە سووریا دیاریی کردووە و ئامادەکاری دەکات بۆ هێرشکردنە سەریان.
باسی لەوەش کردبوو، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا، پەیامەکە بۆ حکوومەتی نوێی سووریا کە هێرش نەکاتە سەر درووزەکان.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، 2ـی ئایاری 2025، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، وڵاتەکەی هێرشی کردووەتە سەر ئامانجێک لە نزیک کۆشکی سەرۆکایەتی لە دیمەشق، ئەوەش لەپێناو پاراستنی کەمینەی درووزەکان لە سووریا.