ئیسرائیل 18 هێرشی ئاسمانی کردە سەر سووریا

پێگەی سانای سووریا ڕایگەیاند، لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر دیمەشق و لادێکانی، کەسێک کوژرا و چوار کەسی دیکەش بریندار بوون.

فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە شەوی هەینی تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، 3ـی ئایار، 18 هێرشی کردووەتە سەر شوێنە سەربازییەکانی سەرانسەری سووریا کە ئەم هێرشانە بە چڕترین هێرش دادەنرێت لەسەرەتای ئەمساڵەوە.

لای خۆیەوە سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "هێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر ئامانج و ژێرخانی سەربازی لە سووریا."

سوپا لە بەیاننامەیەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە، هێرشەکان بۆ سەر شوێنی سەربازی و سیستمی مووشەکی دژە فڕۆکە و ژێرخانی مووشەکی سەرزەوی لە سووریا بووە، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بخاتەڕوو. سوپا لە پۆستێکدا لە پلاتفۆڕمی ئێکسیش دا نووسیویەتی: بەردەوام دەبێت لە ئۆپەراسیۆنەکانیان بۆ بەرگریکردن لە مەدەنییە ئیسرائیلییەکان.

پێگەی سانا بڵاوی کردەوە، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر دیمەشق و لادێکانی، کەسێک کوژراوە و چوار کەسی دیکەش برینداربوون.

چەند سەرچاوەیەکیش ڕایگەیاندووە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە نزیک نەخۆشخانەی حەرەستا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی دیمەشق هێرشیان کردە سەر فەوجی 41. هەروەها هێرشیان کردە سەر گەڕەکی بەرزە لە باکووری دیمەشق.

ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانی کردە سەر بارەگای فیرقەی یەکەمی سەر بە ڕێژیمی پێشوو جگە لەوەش فڕۆکە جەنگییەکان هێرشیان کردە سەر شاری حەما لە ناوەڕاستی سووریا و شوێنە سەربازییەکانی ناوچەی جەبەل شەعرە لە پارێزگای لازقیە.

فڕۆکە ئیسرائیلییەکان چوار جار هێرشیان کردووەتە سەر حەرەستا، لە لادێکانی دیمەشق. 

هێرشەکانی ئیسرائیل کەتیبەیەکی مووشەکییان لە باکووری شاری دەرعا بۆمباران کرد. هەروەها سەرچاوەکانیش پشتڕاستیان کردەوە، فڕۆکە ئیسرائیلییەکان فەوجی 175 لە نزیک ئەزرع بۆمباران کردووە، لەگەڵ کەتیبەی بەرگریی ئاسمانی لە باکووری شاری ئەزرع لە لادێکانی ڕۆژهەڵاتی دەرعا.

ئەو سەرچاوانە باسیان لەوەش کرد، فەوجێکی فڕۆکەی ئیسرائیل بەسەر ئاسمانی دیمەشق، دەرعا، حمس و حەماوە بووە، لەگەڵ هێلی کۆپتەرێکی ئیسرائیلی لە سویدا نیشتووەتەوە و دواتر بەرەو بەرزاییەکانی جۆلان ڕۆیشتووە.

بەگوێرەی ئاژانسی تاس-ی ڕوسی، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر ئامانجە زەمینیەکانی نزیک شاری سویدا لە باشووری سووریا کردووە و لانیکەم سێ کەس کوژراون

سەرچاوە خۆجێییەکانباس لەوە دەکەن، هێرشەکە هێزە ئەمنییەکانی ژێر دەسەڵاتی سووریای بۆمباران کردووە کە لە ناوچەی کەناکر جێگیر بوون و بەشدارییان لە ئۆپەراسیۆنێکدا کردووە بۆ گەڕاندنەوەی ئارامی بۆ پارێزگای سویدای باشووری کە زۆرینەی درووزەکانە، دوای پێکدادانەکانی ئەو وڵاتە.

پێشتر پەخشێکی ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو "ئیسرائیل خۆی بۆ هێرشە سەربازیەکانی ڕژێمی سووریا ئامادە دەکات."

ئەو پەخشەی ئیسرائیل ڕوونیکردەوە، ئامانجە نوێیاکان لە سووریا دەستنیشانکراون، لەلایەن بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیران و ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگرییەوە پەسەند کراون.

نەتانیاهۆ لە لێدوانێکیدا سەبارەت بە ڕووداوەکانی سووریا ڕایگەیاند "هێرشە ئاسمانییەکەی شەوی ڕابردووی ئیسرائیل لە نزیک کۆشکی سەرۆکایەتی لە دیمەشق پەیامێکی ڕوون بوو بۆ ڕژێمی سووریا."

هەروەها ناتانیاهۆ جەختی لەوە کردەوە، تەلئەڤیڤ ڕێگە نادات درووزەکان لە سووریا زیانیان پێ بگات، هەروەها بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە بەرامبەر هەر هەوڵێک بۆ زیانگەیاندن بەوان مامەڵە دەکات.

ستیفان دوجاریک، گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، سکرتێری گشتیی پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سەروەری سووریا شەرمەزار دەکات، لەوانەش هێرشە ئاسمانییەکان لە نزیک کۆشکی سەرۆکایەتی دیمەشق، ئاماژەی بەوەش دا، زۆر گرنگە ئەم هێرشانە ڕابگیرێت و ئیسرائیل ڕێز لە سەروەری و یەکگرتوویی و یەکپارچەیی خاکی سووریا و سەربەخۆیی سووریا ناگرێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، سکرتێری گشتی داوا لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات شەڕ و پێکدادانەکان ڕابگرن و خۆیان بەدوور بگرن لە هەر جۆرە پەرەسەندنێکی زیاتر .

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment