هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا بۆ سەر یەمەن بەردەوامە

بەرەباینی ئەمڕۆ شەممە، 3ـی ئایاری 2025، ئەمەریکا 24 هێرشی ئاسمانی کردە سەر پێگەی حووسییەکان لە چوار پارێزگای یەمەن. لە نێویشیاندا 10 هێرشی ئاسمانی بۆ سەر شارۆچکەی خەب وشعف و ئەلجەوف.
چەند سەرچاوەیەکیش باسیان لەوە کردووە تەقینەوەیەکی بە هێز باکووری سەنعای هەژاندووە.
میدیاکانی حووسی بڵاویانکردەوە، هێرشێکی ئاسمانی ئەمەریکا بەنی حەشیشی لە سەنعا بۆمباران کرد هەروەها سێ هێرشی ئاسمانی دیکە شارەدێی حەرف سوفیان لە باکووری عەمران بۆمباران کرد.
میدیاکانی حوسییەکان ڕایانگەیاند "ئەمەریکا چوار هێرشی ئاسمانی کردە سەر پێگەی حووسییەکان لە بەندەری نەوتی ڕەئس عیسا لە ناوچەی ئەلسیف لە حودەیدە."
حووسییەکان بەردەوامن لە ڕاگرتنی نزیکەی 10 کەشتی لە بەندەری ڕەئس عیسا، سەرەڕای بۆمبارانی بەندەرەکە.
بەگوێرەی میدیا ناوخۆییەکانی یەمەن، حووسییەکان فەرمانی بەو کەشتییانە کردووە بەرەو بەندەرەکانی نزیک ببنەوە بۆ دابەزاندنی سووتەمەنی خۆیان بە بەکارهێنانی ڕێگەی سەرەتایی، سەرەڕای قەدەغەکردنی ناردنی سووتەمەنی بۆ بەندەرەکانی ژێر دەسەڵاتی حووسییەکان لەلایەن ئەمەریکاوە.
دەسەڵاتی گواستنەوەی دەریایی بەریتانیا ڕۆژی پێنجشەممە، 1ـی ئایاری 2025، لە بەیاننامەیەکدا پشتڕاستی کردەوە، میلیشیا حووسییەکان چوونەتە ناو کەشتییەکان و تەقەیان کردووە و ناچاریان کردوون بچنە بەندەرەکانی لاوەکی بۆ دابەزاندنی بارەکانیان.
دەسەڵاتی گواستنەوەی دەریایی بەریتانیا ڕوونیکردەوە، ئەم ڕووداوە ڕاپۆرتکراوانە مەترسیی دروست دەکەن، لەسەر ئەو کەشتیانەی سەردانی بەندەرەکانی ژێر کۆنترۆڵی حووسییەکان دەکەن، چونکە پێدەچێت ڕابگیرێن یان ڕێگرییان لێبکرێت کە بە سەلامەتی بڕۆن.
لە 17ـی نیساندا ئەمەریکا بە زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی بەندەری ڕەئس عیسای بۆمباران کرد و سیستمی دابەزاندنی بار بەتەواوی لەناوبرد و لەکارکەوت.