نەتەوە یەکگرتووەکان داوای پاراستنی ژیانی ڕۆژنامەنووسان دەکات

نەتەوە یەکگرتووەکان
نەتەوە یەکگرتووەکان

نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرای دەکات، ئازادیی ڕۆژنامەگەری لە جیهان لەژێر هەڕەشەدایە و تەنیا ئەمساڵ زیاتر لە 20 رۆژنامەنووس لە سەرانسەری جیهان کوژراون.

ڤۆلکەر تورک، کۆمسیاری باڵای ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، لە کاتێکدا شەڕ و ململانێ و گۆڕانی کەشوهەوا بەرۆکی جیهانی گرتووە و گۆڕانکارییەکان بەخێرایی ڕوودەدەن، بوونی رۆژنامەگەریی ئازاد لە هەموو کاتێک گرنگترە.

ڤۆلکەر تورک ئاماژەی بەوەش دا "میدیای سەربەخۆ و ئازاد دژە ژەهری زانیاریی هەڵەیە، ئەرکی حکوومەت و سەرکردەکانی جیهانە پارێزگاریی لە رۆژنامەنووسان بکەن، بەڵام لە پاراستنیان سەرکەوتوو نەبوون و ئازادیی رۆژنامەگەریی لەجیهاندا لەژێر هەڕەشەدایە."

کۆمسیاری باڵای ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لەوەش کرد "تەنیا ئەمساڵ زیاتر لە 20 رۆژنامەنووس لە سەرانسەری جیهان کوژراون و مەترسییەکە بەردەوامە."