گۆشار بیوکدۆغان: ئەگەر بوومەلەرزە لە ئیستانبوڵ بدات وەک بۆمبی ئەتۆمی دەبێت

چاوەکان کەوتۆتە سەر هێڵەکانی دەریای مەڕمەڕە دوای بوومەلەرزەکەی ئەم دواییەی ئیستانبوڵ بە پلەی 6.2 پلەی ڕێختەر، بووە هۆی مەترسی هاووڵاتییان.
بەپێی زانیارییەکانی کەناڵی تەلەفزیۆنی TELE1ـی تورکی دەستی کەوتووە، کۆگایەکی هەڵگرتنی غازی سروشتی لە ژێر دەریای مەڕمەڕەدایە، کە نزیکەی سێ میل لە کەناراوەکانی سیلیڤرییەوە دوورە.
ئەم کۆگا ژێر دەریایە گازی سروشتی هاوردەکراو لە مانگەکانی هاویندا هەڵدەگیرێت و لە مانگەکانی زستاندا بەسەر ئیستانبوڵدا دابەش دەکات، بەپێی زانیارییەکان ئەو هێڵە لەسەر یەکترە، ئەمەش نیگەرانییەکی جددی دروستکردووە.
لەمبارەیەوە گۆشار بیوکدۆغان، ئەندازیار بەشدارە لە کاری چاککردنەوەی کۆگاکە گوتی: پێکهاتەیەک هەیە کە لە بۆمبی کاتی دەچێت، هەر تەقینەوەیەک لەم ناوچەیەدا یاخود بوومەلەرزەیەکی گەورە ڕوو بدات، هەمان کاریگەری بۆمبی ئەتۆمی دەبێت لەسەر ئیستانبوڵ.
هەروەها ناجی گۆرۆر، پرۆفیسۆر و زەویناس هۆشداری هاوشێوەی ڕایگەیاند "ئەم جۆرە کۆگایەنەی هەڵگرتن کە لەسەر هێڵی هەڵەی چالاک ئەنجام دەدرێن لە ڕووی زانستییەوە قبوڵ ناکرێن."
گوتیشی: ئەگەری هەیە شوێنی عەمبارکردنەکە لە کاتی بوومەلەرزەدا لە ژێر فشاردا بێت و مەترسی بەرزبوونەوەی غاز بۆ سەر ڕووی زەوی دروست بکات و ئاگری کارەساتبار دروست بکات. ژێر دەریای مەڕمەڕە بۆ ئەو جۆرە چالاکییانە گونجاو نییە".
گۆرۆر ئاماژەی بەوەدا لەکاتی بوومەلەرزەیەدا ڕەنگە شلبوونەوەی خاک ڕووبدات، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی گازی سروشتی بۆ سەر ڕووی زەوی و دەبێتە هۆی تەقینەوە.
باسی لەوەش کرد، هەموو ئەو شتانەی هەڵیدەگرین لە ئەگەری ڕوودانی بوومەلەرزەیەکی گەورەدا لەدەست دەچن، جەختیشیکردەوە پێویستە سەرلەنوێ سەیری وەبەرهێنانی وزە لە ناوچەی مەڕمەڕەدا بکرێت.
ڕۆژی 23ـی نیسان، دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی کارەساتەکانی تورکیا ڕایگەیاند، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.2 پلە لە ئیستانبوڵیدا، دواتر بوومەلەرزەیەکی دیکە بە گوڕی 4.9 پلە ڕووی دا.