ئێران: نامانەوێت ململانێیەکی نوێ لە ناوچەکە سەرهەڵ بدات
گوتەبێژی حکوومەتی ئێران ڕەتی دەکاتەوە "بۆ بەفیڕۆدانی کات" بەشدارییان لە دانوستانە ناڕاستەوخۆکانیان لەگەڵ ئەمەریکا کردبێت و دووپاتی دەکاتەوە "نامانەوێت ململانێیەکی نوێ لە ناوچەکە سەرهەڵ بدات."
فاتمە مهاجرانی، گوتەبێژی حکوومەتی ئێران لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دانوستان دەکەن "چونکە نامانەوێت ململانێیەکی نوێ لە ناوچەکەدا سەرهەڵ بدات."
تا ئێستا سێ گەڕی دانوستانی ناڕاستەوخۆی تاران و واشنتن لەبارەی پرۆژەی ئەتۆمی ئێران بەڕێوە چوون؛ دوو جاریان لە عەمممان و جارێکیشیان لە ئیتاڵیا بووە. بەشێکی میدیاکانی ئەمەریکا باسیان لەوە کردووە، ئێران ویستوویەتی لە ڕێگەی ئەو گفتوگۆیانە، کات بەدەست بهێنێت و ڕێژەی پیتاندانی یۆرانیۆم بەرز بکاتەوە.
گوتەبێژی حکوومەتی ئێران ئەو دەنگۆیانەی میدیاکانی ئەمەریکا ڕەت دەکاتەوە و جەخت دەکاتەوە، بەشدارییان لەو سێ دانوستانە ناڕاستەوخۆیە "بۆ بە بەفیڕۆدانی کات نەبووە، بەڵکوو دەمانەویست بگەینە ئەنجام."
لەبارەی بۆمبارانکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، مهاجرانی دووپاتی کردەوە "بە توندی وەڵامی هەر هەڕەشەیەکی ئیسرائیل بۆ بۆمبارانکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانمان دەدەینەوە."
وا بڕیاربوو ئەمڕۆ شەممە، 03-05-2025، گەڕی چوارەمی دانوستانی ناڕاستەوخۆی ئەمەریکا و ئێران لە عەممان بەڕێوە بچێت، بەڵام دانوستانەکان بۆ کاتێکی نادیار دواخران و هەموو جۆرە پەیوەندییەکیش لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا ڕاگیراون.
بەرپرسانی ئەمەریکا و لەسەرووی هەمووانەوە دۆناڵد ترەمپی سەرۆک چەندان جار دووپاتیان کردووەتەوە، بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە ئێران نادەن ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. ئیسرائیلیش جەختی کردووەتەوە، ئێران هەوڵ بدات ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، هەموو دامەزراوە ئەتۆمییەکانی بۆمباران دەکات.