ڕێکخراوە فریاگوزاریەکان زەنگی ئاگادارکردنەوە لە ڕووخانی غەززە دەدەن

ئەمڕۆ شەممە، 3ـی ئایاری 2025، ڕێکخراوەکانی خۆراک کە لە کەرتی غەززە کاردەکەن ڕایگەیاند "چیتر خێمە نەماوە بۆ دابەشکردن بەسەر خەڵکی ئاوارەدا، هەروەها هیچ خۆراک و سووتەمەنییەک لە کەرتی غەززەدا نەماوە، ئەوەش بەهۆی گەمارۆکانی ئیسرائیل و قەدەغەکردنی یارمەتییە مرۆییەکانەوە.
ئەسۆشێتد پرێس لە زاری ئەنجوومەنی پەنابەرانی نەرویجەوە بڵاوی کردەوە، بەرهەمهێنانی خۆراک لە غەززە مەحاڵە، بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی کشتوکاڵ، ئاماژەی بەوەش کرد، هێزی دەریایی ئیسرائیل ماسیگرەکانی لە کەرتی غەززە کردۆتە ئامانج.
ئەنجوومەنەکە ئاماژەی بەوەش دا، ئیسرائیل دۆخێکی دروستکردووە کە فەلەستینیەکان لە غەززە ناتوانن خۆراک و ماسی خۆیان بەهەرمبێنن و هیچ ڕێکخراوێکی فریاگوزاری لە غەززە هیچ خێمەیەکی نەماوە بۆ دابەشکردنی بەسەر ئاوارەکاندا.
ئەنجوومەنەکە جەختی لەوە کردووەتەوە، ئەگەر ئیسرائیل بەردەوام بێت لە گەمارۆدانی غەززە، هەزاران کەس دەمرن و غەززە بە تەواوی دەڕووخێت.
گاوین کێلێهر، بەڕێوەبەری دەستڕاگەیشتن بە مرۆیی ئەنجوومەنی پەنابەرانی نەرویج لە غەززە ڕایگەیاند دۆخی کەرتەکە قەیران و وێرانەیە، قەیرانەکە نەک تەنیا ڕێگری دەکات لە هاتنە ژوورەوەی خۆراک بەڵکو ڕێگری لە فەڵەستینییەکان دەکات خۆراکی خۆیان پەرەپێبدەن یان ماسی بگرن، لەکاتێکدا ئەو کۆگا خۆراکانەی کە ماونەتەوە بەردەوام بۆمباران دەکرێن.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی A.P. ڕێکخراوەکانی فریاگوزاری لە غەززە خۆراک و ئاو و سووتەمەنییان تەواو دەبێت و نرخی ئەو پێداویستییە کەمانەی کە ماونەتەوە لە بەرز بوونەوەدایە. تۆڕی ڕێکخراوە ناحکوومییەکانی فەڵەستین پشتڕاستی کردەوە کە 70 خواردنگەی کۆمەڵایەتی لە غەززە لە ماوەی هەفتەیەکدا دادەخرێن ئەگەر گەمارۆکە بەردەوام بێت.
ڕێکخراوی ئۆکسفام لە غەززە ڕایگەیاندووە "لە کەرتەکە دایکان ڕۆژانە تەنیا یەک ژەم خۆراک دەدەن بە منداڵەکانیان."
دۆخی مرۆیی لە غەززە گەیشتووەتە ئاستێکی کارەساتبار، لەگەڵ بەربڵاوی توندی برسێتی و داڕمانی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانی و ئاوارە، ئەمەش لە کاتێکدایە هۆشدارییە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە برسێتییەکی نزیک و داڕمانی تەواوەتی سیستەمی مرۆیی لە کەرتی غەززە بەردەوامە.
زۆربەی دانیشتوانی غەززە لە ڕۆژێکدا بە یەک ژەم دەژین و بەشەخۆراکیش زۆر بە خێرایی تەواو دەبێت.
ئیسرائیل ماوەی زیاتر لە دوو مانگە ڕێگری لە هاتنە ژوورەوەی یارمەتییە مرۆیی و بازرگانییەکان کردووە، بەمەش کۆگاکانی خۆراک کەم بووەتەوە و خواردنگە کۆمەڵایەتییەکانی داخستووە.
نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری داوە لە قەیرانی برسێتی، کە زیاتر لە دوو ملیۆن کەس بەدەست برسێتیەوە گرفتارن و نرخی خۆراک بە بەراورد بە دوایین ماوەی ئاگربەست بە ڕێژەی 1400% بەرزبووەتەوە.
لە دوای دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە 18ـی ئاداری 2025 تا ئێستا دوو هەزار و 305 کەس کوژراون و پێنج هەزار و 973 کەسی دیکەش برینداربوون، بەمەش کۆی گشتیی ئەو کەسانەی لە مانگی ئۆکتۆبەری 2023وە گیانیان سپاردووە بۆ 51 هەزار و 305 هەزار کەس و زیاتر لە 118 هەزار کەسیش برینداربوون.
ڕێکخراوە مرۆییەکان نزیکەی 10 هەزار حاڵەتی بەدخۆراکییان لەنێو منداڵاندا تۆمارکردووە.
ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداری دا سیستەمی تەندروستیی غەززە لە لێواری داڕمانی تەواوەتیدایە.