ئێران: ئیسرائیل ئامانجی لەناوبردنی توانا و ژێرخانی سووریایە

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران سه‌ركۆنه‌ی هێرشه‌ ئاسمانییه‌كانی ئیسرائیل بۆ سه‌ر چه‌ند ناوچه‌یه‌كی سووریا ده‌كات؛ ده‌شڵێت، ئامانجی ئیسرائیل له‌م هێرشانه‌دا له‌ناوبردنی توانای سووریایه‌.

شه‌ممه‌، 3ـی ئایاری 2025، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران ڕاگه‌یه‌نراوێكی له‌باره‌ی هێرشه‌ ئاسمانییه‌كانی ئیسرائیل بۆ سه‌ر چه‌ند ناوچه‌یه‌كی سووریا بڵاو كرده‌وه‌ و به‌ توندی سه‌ركۆنه‌ی ئه‌و هێرشانه‌ی كردووه‌.

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران گوتووشیه‌تی، ئامانجی ئیسرائیل له‌م هێرشانه‌دا بۆ له‌ناوبردنی توانا به‌رگری و ئابوورییه‌كان و ژێرخانی سووریایه‌.

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران ده‌شڵێت، سیاسه‌تی ئێران به‌رانبه‌ر به‌ سووریا نه‌گۆڕه‌ و جه‌خت له‌ یه‌كپارچه‌یی ئه‌و وڵاته‌ و سه‌قامگیرییه‌كه‌ی ده‌كاته‌وه‌.

هەینی، 2ـی ئایاری 2025، ڕۆژنامەی ئەلوەتەنی سووری بڵاوی کردەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بنکەیەکی سەربازیی سەر بە ڕژێمی ئەسەدیان لە دەوروبەری شاری حەما بۆردومان کرد.

بەپێی هەواڵی ڕۆژنامەکە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر سووریا دەست پێکردووەتەوە و، ناوچەی شەعرەیان لە دەوروبەری شاری لازقییە کردووەتە ئامانج.

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 2ـی ئایاری 2025، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو، وڵاتەکەی هێرشی کردووەتە سەر ئامانجێک لە نزیک کۆشکی سەرۆکایەتی لە دیمەشق، ئەوەش لەپێناو پاراستنی کەمینەی درووزەکان لە سووریا.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment