پەیامی سەرکردە سیاسییەکانی تورکیا بۆ کۆچی دوایی سری سورەیا ئۆندەر

 پارتی داد و گه‌شه‌پێدان (ئاكپارتی) ڕایگەیاند: ئۆندەر کەسایەتییەکی گرنگی سیاسی بوو، هەروەها بۆ تورکیایەکی بێ تیرۆر تێدەکۆشا.

شەممە 3ـی ئایاری 2025، عومەر چەلیک، گوتەبێژی پارتی داد و گه‌شه‌پێدان (ئاكپارتی)، ڕایگەیاند: سری سورەیا ئۆندەر، تا دوا ساتەکانی ژیانی بۆ ئامانجی تورکیایەکی بێ تیرۆر تێدەکۆشا. ئاماژەی بەوەش کرد، ئۆندەر کاسیەتییەکی گرنگی سیاسی بوو، هەواڵەکانی ئەو بۆ پرۆسەی ئاشتیی تورکیا لە یاد ناکرێت.

لەلایەکی دیکەوە دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە، گوتی: زۆر خەمبارم بۆ کۆچی دوایی ئۆندەر، هەروەها لەگەل ئۆندەر جیهانبینی جیاوازمان هەبوو، بەڵام سەرنجمان لەسەر داهاتووی ئاشتییانەی هەمان وڵات بوو. جەختی لەوەش کردەوە، هاتنە دی تورکیایەکی بێ تیرۆر دەبێتە دیارییەکی مەعنەوی بۆ ئۆندەر.

لای خۆیەوە، یلماز تونج، وەزیری دادی تورکیا، ڕایگەیاند: سری سورەیا ئۆندەر، هەمیشە یاد دەکرێتەوە بەهۆی هەڵوێستەکانی بۆ ئاشتەوایی. گوتیشی: ناوبراو ڕۆڵی گرنگی هەبووە لە پرۆسەی تورکیایەکی بێ تیرۆر.

هەر لەبارەی ئۆندەرەوە، ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە، لە پەیامێکدا، ئاماژەی بەوە دا، ئۆندەر ژیانی لەسەر ڕێگەی ئاشتی بەسەر بردووە.

باسی لەوەش کرد، پێشتر ئۆندەر بەبێ تاوان زیندانی کراوە و تووشی ستەمکاری بووە. گوتیشی: ئەرکمانە هەوڵەکانی ئۆندەر بۆ یەکڕیزی و برایەتی تورکیا بەدی بهێنین.

هەروەها تونجەر باکرهانیش، هاوسەرۆکی دەم پارتی، بۆ کۆچی دوایی ئۆندەر، دەڵێت: بەڵێن بە ئۆندەر دەدەین کە ئاشتی بەدی دەهێنین.

لەلایەکی دیکەوە، ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا، لەبارەی ئۆندەرەوە گوتی: دۆستێک و کەسایەتییەکی جوانمان لەدەستدا. دەشڵێت: ناوبراو هەرگیز دەستبەرداری خەباتی هێنانەدی ئاشتی و برایەتی نەبوو.

شه‌ممه‌، 3ـی ئایاری 2025، سری سوره‌یا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) کە هاوکات ئەندامی شاندی ئیمراڵییشە، دوای 18 ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە، گیانی لەدەست دا.

سری سوره‌یا ئۆنده‌ر، لە ساڵی 1962 لە پارێزگەی سەمسووری باکووری کوردستان لەدایک بووە؛ لە کۆلێژی زانستە سیاسییەکانی لە زانکۆی ئەنقەرە خوێندووە و تاوەکوو قۆناغی دوو بەردەوام بووە.

 
 
Fly Erbil Advertisment