پارێزگاری سوێدا ناوەرۆکی ڕێککەوتنی حکوومەتی سووریا و درووزەکان ئاشکرا دەکات

پارێزگاری سوێدا ڕایگەیاند: هەڵوێستی هۆزی درووز لە بەرژەوەندیی یاکپارچەیی خاکی سووریا دایە و دەستوەردانی دەرەکی ڕەت دەکەنەوە.
شەممە 3ـی ئایاری 2025، مستەفا بەکور، پارێزگاری سوێدا، لەمیانەی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سکای نیوز عەرەبی، گوتی: ڕێککەوتنی حکوومەتی سووریا و هۆزی درووز، لەسەر ڕەزامەندیی دانیشتووانی سوێدا بووە، کە داوایان کردووە، دۆخی پارێزگاکە ئاسایی بکرێتەوە و ئاسایشی تێدا بەرقەرار بێت.
پارێزگاری سوێدا، ئاماژەی بەوە کرد، ڕێککەوتنەکە بۆ ڕەتکردنەوەی دەنگۆی جیابوونەوەی پارێزگای سوێدا بووە لە سووریا. جەختی لەوەش کردەوە، پارێزگاکە بەشێکی دانەبڕاوە لە خاکی وڵاتەکە، دابەشکاری و دەستوەردانی دەرەکی ڕەت دەکاتەوە.
هاوکات بە گەشبینییەوە گوتی: ئەمڕۆ پەیوەندییەکی پتەو لەنێو دەسەڵاتدارانی حکوومەتی سووریا و درووزەکان هەیە بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەی نێوانیان.
پێنجشەممە 1ـی ئایاری 2025، هۆزی درووز، ڕایگەیاندبوو، کە بەشێکی دانەبڕاون لە نیشتمانی یەگرتوویی سووریا و دابەشبوون و جیابوونەوە ڕەت دەکەنەوە.
ئاماژەی بەوەش دابوو، کە دەبێت ڕۆڵی وەزارەتی ناوخۆ لە سوێدا کارا بکرێت. باسی لەوەش کردبوو، نیشتمانێکیان دەوێت کە هەموو سوورییەکان لەخۆ بگرێت.