حووسیەکانی یەمەن هێرشیان کردە سەر فڕۆکەخانەی بن گۆریۆنی ئیسرائیل

ئەمڕۆ یەکشەممە، حووسیەکانی یەمەن چەند مووشەکێکیان ئاراستەی ئیسرائیل کردووە و یەکێک لە فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن کەوتووەتە خوارەوە یەکێکی دیکەش لە ناوەراستی ئیسرائیل کەوتووەتە خوارەوە.

سوپای ئیسرائیل ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، "ئەمڕۆ یەکشەممە، حووسیەکانی یەمەن چەند مووشەکێکیان ئاراستەی ئیسرائیل کردووە، سیستەمی بەرگری ئاسمانیش هەوڵی خستنە خوارەوەی مووشەکەکانی داوە، هەروەها داوایان لە خەڵک کردووە پابەندبن بەو ڕێنماییە بەرگرییانەی کە لەلایەن فەرماندەیی بەرەی ناوخۆوە دەرکراوە."

فەرماندەیی بەرەی ناوخۆی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، لە ئەنجامی هەڵدانی چەند مووشەکێک لە یەمەنەوە، زەنگی ئاگادارکردنەوە لە ناوچەکانی تەلئەڤیڤ و قودس و کەناری ڕۆژئاوا لێدراوە.

کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی بڵاوی کردەوە، سەرجەم گەشتەکانی هاتن و چوون لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بن گۆریۆن لە تەلئەڤیڤ ڕاگیراون.

سوپای ئیسرائیل ئاشکراشی کردووە، "دوای زەنگی ئاگادارکردنەوە، چەندین هەوڵ درا بۆ ڕێگریکردن لە یەکێک لە مووشەکەکان، بەڵام مووشەکەکە لە ناوەڕاستی ئیسرائیلدا کەوتووەتە خوارەوە، بۆیە ئێستا لێکۆڵینەوە لە وردەکارییەکانی ڕووداوەکە دەکرێت."

ڕۆژنامەی "یسرائیل هایۆم" ئاسکرای کرد، دوای ئەوەی مووشەکێک لە یەمەنەوە هەڵدراوە، هەزاران ئیسرائیلی بەرەو پەناگەکان هەڵاتوون.

ڕادیۆی سوپای ئیسرائیلیش ڕایگەیاندووە، لە فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوەی موشەکێک ژمارەیەک هاووڵاتی بە سووکی بریندار بوون.