ماوەی تۆمارکردنی هاوپەیمانێتی درێژ کرایەوە

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ماوەی تۆمارکردنی هاوپەیمانێتی سیاسیی بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمان بۆ ناوەڕاستی ئەم مانگە درێژکردەوە.
لە بڕیارەکەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەرخۆی هەڵبژاردنەکانی هاتووە، لایەنە سیاسییەکانی ئارەزووی بەشداربوونیان لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق هەیە تاوەکوو کۆتایی دەوامی ڕۆژی 14ی ئەم مانگە دەتوانن لە کۆمیسیۆن هاوپەیمانێتییەکانیان تۆمار بکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 04-05-2025، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "تا ئێستا پێنج هاوپەیمانیی نوێ بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق تۆمار کراون."
هەروەها پێشتر کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان، ماوەی مانگێکی بۆ نوێ کردنەوەی تۆماری دەنگدەران ڕاگەیاندووە، کە بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی دووەمی 2025 لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوە بچێت.
بەر لە کۆتایی مانگی ڕابردوو، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان ئامارێکی فەرمی لە بارەی هێز و لایەنە بەشداربووەکانی هەڵبژاردنی پێنجەم خولی پەرلەمانی عێراق بڵاوکردەوە و ئاشکرای کردبوو، کە زیاتر لە 330 حزب و پارتی سیاسی لەلایەن کۆمیسیۆن تۆمارکراون و دەبێت هەر هەمووشیان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردن سەردانی کۆمیسیۆن بکەن، هەروەها زیاتر لە 60 هاوپەیمانیش تۆمارکراون.