کەسێک مستێکی لە سەرۆکی جەهەپە دا
لە ڕێوڕەسمی بە خاکسپاردنی تەرمی سڕری سوورەیا ئۆندەر، کەسێک مستێکی لە سەرۆکی جەهەپە دا. ئەردۆغانیش دەڵێت: هێرشکارەکە دەستبەسەر کراوە.
میدیاکانی تورکیا بڵاویان کردووەتەوە، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، 04-05-2025، لە ڕێوڕەسمی بە خاکسپاردنی تەرمی سڕری سوورەیا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و ئەندامی شاندی ئیمراڵی، کەسێک مستێکی لە ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) دا.
دوای ڕووداوەکە، ئەو کەسەی هێرشەکەی کردە سەر سەرۆکی جەهەپە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و ئۆزەلیش لەژێر ڕێوشوێنی ئەمنیدا ڕێوڕەسمەکەی بەجێ هێشت.
سەرۆکی داواکاری گشتیی ئیستانبوڵ سەبارەت بە ڕووداوەکە لە ڕاگەیەنراوێکدا ئەوەی خستە ڕوو "لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەستی پێ کردووە، هەروەها ئەو کەسەی کردەوەکەی ئەنجامداوە گیراوە و دەستبەسەر کراوە. لێکۆڵینەوەی ورد بەردەوامە."
هاوکات ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا پەیوەندی بە ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپەوە کرد و هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ خواست.
ئەردۆغان بە ئاماژەدان بەوەی لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ ڕووداوەکە دەکات ، گوتی "دەستبەجێ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە دەستی پێ کردووە و ئەو کەسەی هێرشەکەی کردووە، دەستگیرکراوە".