ڕاپەڕین.. تەرزە سەری دوو مێردمنداڵی شکاند

بارینی تەرزە لە هەرێمی کوردستان تەنیا زیانی بە ئۆتومبێل و کشتوکاڵ نەگەیاندووە، بەڵکو سەری دوو مێردمنداڵی شکاند.
تەها محەممەد گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی ڕاپەڕین، ئەمڕۆ یەکشەممە، 4ـی ئایاری 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بەهۆی تەرزەوە دوو مێردمنداڵ سەریان شکاوە، هەردووکیان دانیشووی کۆمەڵگای شکارتەن، لە بنکەی تەندروستی چارەسەری پزیشکیان بۆ کراوە و برینی سەریان سووکە.
تەها محەممەد گوتیشی: لە سنووری ڕاپەڕین تەنیا ئەو حاڵەتە تۆمارکراون، هیچ حاڵەتێکی لەم شێوەیە لە رابردوو بەهۆی تەرزەوە نەبووە.
ئەمە لەکاتێکدایە بەهۆی تەرزەوە لە مانگی ڕابردوو لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران زیاتر لە 400 ئۆتومبێل زیانیان بەرکەوت و هەزاران دۆنم زەوی کشتوکاڵیی ناوچەکە زیانیان پێ گەیشت.