دوو کەس لەسەر تەقینەوەکەی بەندەر عەباس دەستگیر کران

لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە هۆکاری تەقینەوه‌كه‌ى شاری بەندەر عەباس لە ئێران، دوو کەس کە یەکێکیان بەرپرسێکی حکوومییە دەستگیر کران.

یەکشەممە 4ـی ئایاری 2025، مێدیاکانی ئێران بڵاویان کردەوە، دوو کەس کە یەکێکیان بەڕێوەبەرە لە کەرتی حکوومی و ئەوەی دیکەیان بەڕێوەبەرە لە کۆمپانیایەکی تایبەت، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە هۆکاری تەقینەوەکەی بەندەری شەهید ڕەجایی لە شاری بەندەر عەباس، دەستگیر کران.

مێدیاکان ئاماژەیان بەوە دا، ئەو دوو بەڕێوەبەرەی کە دەستگیر کراون، بەهۆی کەمتەرخەمی لە کارەکانیاناوە، ئەم تەقینەوە بەهێزە ڕووی داوە.

شەممە 26ـی نیسانی 2025، تەقینەوەیەکی بەهێز لە بەندەری شەهید ڕەجایی لە شاری بەندەر عەباسی ئێران ڕووی دا، بەپێی میدیاکانی ئێرانیش، ئەگەری هەیە تەقینەوەکە  لە کۆنتێنەرێکی ماددە کیمیاییە مەترسیدارەکاندا ڕووی دابێت.

دووشەممە 28ـی نیسانی 2025 ئەسکەندەر موئمینی، وەزیری ناوخۆی ئێران، بە مێدیاکانی وڵاتەکەی ڕاگەیاند: تەقینەوەی بەندەری ڕەجایی بەهۆی کەمتەرخەمی و پابەند نەبوون بە ڕێسای سەلامەتی ڕووی داوە. ئاماژەی بەوەش دا، ئەوانەی لێی بەرپرسیارن دۆزراونەتەوە و داواکراون بۆ لێکۆڵینەوە.

بەپێی دوایین زانیاری، 70 کەس لە تەقینەوەکەی بەندەری ڕەجایی گیانیان لەدەستدا و بە هەزاران کەسیش برینداربوون.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment