ئێران هەوڵی گرتنەوەی بەشە ئاوی عێراق دەدات

بەرپرسێکی باڵای ئێران ئاشکرای کرد، بڕیارێکی فەرمی هەیە بۆ گرتنەوەی بەشێک لەو ئاوانەی دەڕژێنە ناو عێراقەوە و بە ئاماژەدان بە "پێداویستییە ناوخۆییەکان". ئەم هەنگاوە نوێنەرایەتی درێژکردنەوەی سیاسەتی پێشووی تاران دەکات کە بریتی بوو لە ڕاگرتنی سەرچاوە ئاوییە هاوبەشەکانی نێوان دوو وڵات.
یاسم خان محەممەدیان، بەڕێوەبەری گشتیی سامانە سرووشتییەکانی پارێزگای ئیلام لە لێدوانێکدا بە ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێران ڕایگەیاندووە "زۆربەی ئاوی ئێران بۆ عێراق دەڕوات، دەبێت کارێک بکەین بۆ کۆنتڕۆڵکردن و ڕێگری کردن لە ڕۆشتنی بەشێک لەو ئاوە."
لێدوانەکە لە کاتێکدایە هۆشدارییەکان لەبارەی قەیرانی ئاو لە عێراق و بەتایبەتی لە پارێزگا سنوورییەکان زیاتر دەبن. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ کەمکردنەوەی ئاوی ئێران لە دەیان ڕووباری هاوبەش، وەک ئەلوەند لە دیالە، کارون لە بەسرە و زاب لە سلێمانی.
محەممەدیان، ئاماژەی بەوەش دا، پارێزگای ئیلام 641 هەزار هێکتار دارستانی سروشتی و 780 هەزار هێکتار لەوەڕگەی تێدایە کە بۆ ئاژەڵداری بەکاردێت، ئەمە جگە لەوەی زیاتر لە هەزار جۆری ڕووەکی هەیە زۆربەیان دەرمانن. دەڵێت: گرتنەوەی سەرچاوە ئاوییەکان دەرفەتێکە بۆ پەرەپێدان بەو ناوچانەی کە پێویستییان بە ئاو هەیە.
ئەو بەرپرسە ئێرانییە گوتیشی: ساڵی ڕابردوو یاداشتێکی لێکگەیشتنی سێ قۆڵی بە بەهای هەزار و 750 میلیۆن تومەن ئیمزا کراوە، بڕیارە لە ماوەی سێ ساڵی داهاتوودا بە هاوکاریی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان جێبەجێ بکرێت، بە ئامانجی باشترکردنی بەڕێوەبردنی سەرچاوە سروشتی و ئاوییەکان.
عێراق ساڵانێکە بەدەست کەمی ئاوەوە گرفتارە، ئەوەش بەهۆی ڕێوشوێنە بەردەوامەکانی ئێران و تورکیا بۆ لادانی ڕووبارەکان و کەمکردنەوەی ڕێژەی ئاو.