میا شەم: دوای ئازادبوونم لەدەستی حەماس، ڕاهێنەرێکی ئیسرائیلی دەستدرێژی سێکسی کردە سەرم
ئافرەتێکی ئیسرائیلی کە لە کاتی هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، لەلایەن ئەندامانی بزووتنەوەی حەماسەوە بە بارمتە گیرا، دەڵێت: دوای ئازادکردنی ڕاهێنەرێکی ناسراوی وەرزشی ئیسرائیلی دەستدرێژی سێکسی کردووەتە سەری.
میا شەم، تەمەن 23 ساڵ، بە کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی ڕاگەیاند، "ڕووداوی دەستدرێژیکردنەکە لە ماڵەکەی خۆمدا ڕوویدا، کە پێویستە سەلامەتترین شوێن بێت بۆ من."
شەم ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەمە گەورەترین ترسی من بووە لە ژیاندا، هەم لە پێش دیلبونم لە کات و دوای دیلبوونیشم، بەڵام دوای گەڕانەوەم لەنێو ماڵەکەمدا ڕوویدا."
ڕوونیشیکردەوە، "ڕووداوەکە مانگی ڕابردوو ڕوویداوە، ئەمەش تووشی حاڵەتێکی خراپی دەروونی کردووم، وام لێهاتووە گۆشەگیر ببم، دەرگام لەسەر خۆم داخستووە".
بەگوێرەی کەناڵی 12ـی ئیسرائیل، تۆمەتبارەکە ڕاهێنەری کەسییە و تەمەنی لە سییەکاندایە، بەپێی زانیارییەکانی پۆلیس، ئەو تۆمەتبارە لە مانگی ئادار دەستگیرکراوە، دواتر بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست ئازاد کراوە.
کەناڵەکە بڵاوی کردەوە، پێدەچێت ئەو ڕاهێنەرە لەگەڵ کەسایەتییە ناسراوەکان کاری کردبێت، لەنێویاندا سەرۆک وەزیرانی پێشووی ئیسرائیل.
شەم دەشڵێت، پێش ڕووداوەکە تەنیا سێ جار لەگەڵ ڕاهێنەرەکە ڕاهێنانی کردووە، گوتیشی، پێیوابووە ماددەی هۆشبەری بەکارهێناوە چونکە لەوکاتەی چوومەتە ژوورەکەوە هیچم لەبیر نییە، هیچ شتێک."
هاوکات تۆمەتبارەکە، تۆمەتەکەی ڕەتکردووەتەوە، بەڵام دانی بەوەداناوە کە لە کاتی گۆڕینی جلوبەرگەکانیدا چووەتە ژووری ئەو کچە گەنجە.