ئەڵمانیا دەرگای پێدانی مافی پەنابەرێتی بە ڕووی سوورییەکاندا دەکاتەوە

فەرمانگەی کۆچ و کۆچبەرانی ئەڵمانیا لەبەر دوو هۆکار، جارێکی دیکە مامەڵە لەگەڵ داواکاریی پەنابەرانی سووریا دەکاتەوە.

پاتریک شمیتکە، سەرۆکی یەکێک لە بەشەکانی فەرمانگەی کۆچ و کۆچبەرانی ئەڵمانیا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "ئێمە جارێکی دیکە دەست بە وەرگرتنی داواکاریی مافی پەنابەریی سوورییەکان لەسەر ئاستێکی بچووک دەکەینەوە، بەڵام بۆ ئێستا هیچ بڕیارێک نادرێت."

شمیتکە بڕیارەکەی فەرمانگەی کۆچ و کۆچبەرانی ئەڵمانیای بۆ دوو هۆکار گەڕاندەوە:

یەکەم: ئێستا ئەڵمانیا تاکە وڵاتی ئەورووپایە داواکاریی پەنابەرانی سووریای ڕاگرتووە. 

دووەم: فەرمانگەکە دەیەوێت لە ڕێگەی وەرگرتنی داواکاریی پانەبەرێتیی سوورییەکان، زانیاری زیاتر سەبارەت بە دۆخی سووریا دەست بخات.

ئەو بەرپرسەی فەرمانگەی کۆچ و کۆچبەرانی ئەڵمانیا باسی لەوەش کرد "بەهۆی ناجێگیریی ئاسایشی سووریا، زۆر قورسە هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە بکەین" و کۆمەڵکوژیی کەمینەی عەلەوییەکانی مانگی ئادار و هێرشەکانی ئەم دواییەی بۆ سەر دانیشتوانی دروز لەلایەن میلیشیا ئیسلامییەکانەوە بە نموونە هێنایەوە.

هاوکات ڕۆژنامەی ڤێلتی ئەڵمانی بڵاوی کردووەتەوە، دوای ئەو بڕیارە، 56 هەزار پەنابەری سووری لە چاوەڕوانیدان و داواکاری پەنابەرییان لێ وەرنەگیراوە. 

ئەمە لە کاتێکدایە، لە دوای کەوتنی ڕژێمی بەشار ئەسەدەوە، لە کۆتایی ساڵی ڕابردوو، فەرمانگەی کۆچ و کۆچبەرانی ئەڵمانیا هیچ داواکارییەکی پەنابەری وەرنەگرتووە و مافی پەنابەریشی بە هیچ سوورییەک نەداوە. 

دوای سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆ، ملیۆنان هاووڵاتیی سووری کۆچی دەرەوەی وڵاتیان کرد، بەشێکی زۆریان چوونە تورکیا، عێراق، ئوردن و میسر. بەشێکی دیکەشیان چوونە ئەورووپا و بە تایبەت ئەڵمانیا و سوید. 

بە گوێرەی زانیارییەکانی فەرمانگەی ئاماری فیدراڵی لە ئەڵمانیا، ژمارەی ئەو سوورییانەی لە ئەڵمانیا دەژین لە کۆتایی ساڵی 2023 گەیشتووەتە نزیکەی 973 هەزار کەس.