ئیسرائیل پلانی ڕاگواستنی دانیشتووانی غەززەی پەسەند کرد
ئەنجوومەنی وەزیرانی ئیسرائیل بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری مانەوەی سوپاکەی لە کەرتی غەززە و جێبەجێ کردنی پلانی ڕاگواستنی دانیشتووانی کەرتەکە پەسەند کرد، بڕیاریشە لەگەڵ چەند وڵاتێک بۆ وەرگرتنی فەڵەستینییەکان گفتوگۆ بکات.
دووشەممە، 05-05-2025، ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی ئیسرائیلی بڵاوی کردووەتەوە، لە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران دا بڕیاری فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دراوە بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی تەواوی کەرتی غەززە بکەن.
هەر لەو پلانەی بە دەنگی زۆرینە پەسەند کراوە، ڕاگواستنی دانیشتووانی غەززە بەرەو باشووری کەرتەکە و چڕکردنەوەی هێرشەکان بۆ چەکدارانی حەماس لەخۆ دەگرێت.
بە گوتەی بەرپرسەکە، هەر لەو کۆبوونەوەیەی ئەنجوومەنی وەزیران دا، بنیامین ناتانیاهۆ گوتوویەتی: ئەم پلانە دەبێتە ئامانجێک بۆ ڕزگارکردنی بارمتەکان و تێکشکاندنی تەواوەتی حەماس.
هەروەها ئاماژەی داوە، ئیسرائیل کار دەکات بۆ سەرخستنی پلانەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ڕاگواستنی فەڵەستییەکان لەو کەرتە.
ناتانیاهۆ ئەوەشی ئاشکرا کردووە، لە داهاتوویەکی نزیکدا لەگەڵ چەند وڵاتێک گفتوگۆ دەکەن بۆ ئەوەی پێشوازی لە وەگرتنی دانیشتووانی غەززە بکەن.
هەروەها دەستەی گشتیی میدیای ئیسرئیل (کان) بڵاوی کردووەتەوە، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ دووشەممە 5ی ئایاری 2025ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئیسرائیل، بە سەرۆکایەتیی بنیامین ناتانیاهۆ، بڕیار لەسەر فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە کەرتی غەززە دراوە، کە پلانەکە هەنگاو بە هەنگاو جێبەجێ دەکرێت.