هێزی ئاسمانیی ئەمەریکا چەند پێگەیەکی حووسییەکانی بۆمباران کرد

میدیاکانی حووسی بڵاویان کردەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا سێ هێرشیان کردووەتە سەر بەندەری ڕەئس عیسا لە حودەیدە.

ئاماژەی بەوەش کرد، فڕۆکەکانی ئەمەریکا سەربازگەی ئەلسەوادیان لە سەنعا بۆمباران کردووە.

پێشتریش سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو "هێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر بەندەری حودەیدە لە یەمەن. ئەمەش دوای کەوتنە خوارەوەی مووشەکێکی حووسییەکان لە نزیک فڕۆکەخانەی بن گوریون."

سوپای ئێسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "هێرشیان کردووەتە سەر حووسییەکان لە ناوچەی حودەیدە و دەوروبەری."

ئەنیس ئەسباحی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حووسییەکان ڕایگەیاند "لە هێرشەکاندا، 3 کەس کوژران و لانیکەم 35کەس بریندار بوون."

سێ سەرچاوەی حووسی ڕایانگەیاند "دوای هێرشەکان ناوچەی دەوروبەری بەندەرەکە و کارگەیەکی چیمەنتۆیان داخستووە." ئاماژەیان بەوەش کردووە، ڕادەی زیانەکانی بەندەرەکە نەزانراوە، بەڵام هێرشەکان زیانی بە تێرمیناڵی کۆنتێنەر گەیاندووە.

دوو سەرچاوەی دیکەش زیانەکانیان بە نزیکەی لەسەدا 70ی پێنج بەندەر و کۆگا و ناوچەی گومرگی بەندەرەکە خەمڵاندووە.

کرێکارێکی بەندەرەکە گوتی هێرشەکە لە کاتێکدا بوو، دوو کەشتی سەرقاڵی دابەزاندنی بارەکانیان بوون، ئاماژەی بەوەش کرد، کە هاتوچۆی کەشتیوانی لە بەندەرەکەدا بە تەواوی وەستاوە.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment