هەوڵی دامەزراندنی وەزارەتێک بۆ حەشدی شەعبی دەدرێت

لە پەرلەمانی عێراق هەوڵ دەدرێت دەستەی حەشدی شەعبی بکرێتە وەزارەت. پەرلەمانتارێکیش دەڵێت: ژمارەیان لە 300 هەزار کەس نزیک بووەتەوە.

سەعد تەوبی، پەرلەمانتاری سەربەخۆی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، لە پەرلەمان  دەست بە هەوڵێک کراوە، بۆ ئەوەی دەستەی حەشدی شەعبی بکەنە وەزارەتێکی سەربەخۆ.

بەگوێرەی ئەو پەرلەمانتارەی عێراق، دەنگدان لەسەر یاسای حەشدی شەعبی لەناو پەرلەمان لە قۆناغی کۆتایدایە، ژمارەی چەکدارانی ئەو دەستەیە لە 300 هەزار کەس نزیک بووەتەوە، هەربۆیە هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی لەکاتی دەنگدان دەنگ بە وەزارەتی حەشدی شەعبی بدرێت لە جێگەی دەستی حەشدی شەعبی.

پێشتر محەممەد کازم سادق، باڵیۆزی ئێران لە عێراق ڕایگەیاندبوو: پەیامەکەی ترەمپ بۆ تاران داوای هەڵوەشاندنەوە یان پەکخستنی حەشدی شەعبی لەخۆگرتبوو کە ئەمەش لای ئێمە قبوڵ نییە.

بەڵام لای خۆیەوە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە دا، وڵاتەکەی هیچ داواکارییەکی لە ئەمەریکاوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی پێ نەگەیشتووە.

سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختیشی لەوە کردەوە "هیچ لایەنێک ناتوانێت عێراق ناچار بکات کۆتایی بە ئەرکی حەشدی شەعبی بهێنێت."

دامەزراندنی حەشدی شەعبی بۆ 13-03-2014 دەگەڕێتەوە، بەڵام فەتوای جیهاد کە بووە هۆی زۆربوونی هێزەکانی حەشد، لە 13-06-2014، دەرکرا و دەرگەی خۆتۆمارکردن بە خۆبەخشی کرایەوە.

بەپێی یاسای تایبەتی حەشدی شەعبی، هێزەکە لەژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی عێراقدایە، بە سیستەمێکی ئاسایشی ناو دامەزراوەی ئاسایشی عێراق دادەنرێت و دەکەوێتە نێو هێزە چەکدارەکانی عێراق، بودجەی حەشد بە 60 ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی خەمڵێنراوە.