ئەحمەد شەرع سەردانی فەرەنسا دەکات

سێشەممە، 6ـی ئایاری 2025، نووسینگەی سەرۆک کۆماری سووریا بڵاوی کردەوە، ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری سووریا بەم نزیکانە سەردانی فەرەنسا دەکات.
نووسینگەی سەرۆک کۆمار وردەکاری زیاتری دەربارەی ئامانج و مەبەستی سەردانەکەی شەرع نەخستە ڕوو.
کۆشکی ئیلیزێ ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا، ڕۆژی چوارشەممە لە پاریس پێشوازیی لە ئەحمەد شەرع دەکات، ئەمەش یەکەم سەردانی سەرۆکی کاتیی سووریایە بۆ ئەورووپا.
سەرۆکایەتی فەرەنسا ڕایگەیاند، ماکرۆن پشتیوانی فەرەنسا بۆ بنیاتنانی سووریایەکی نوێ، ئازاد، سەقامگیر دووپات دەکاتەوە کە ڕێز لە هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سووریا بگرێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم کۆبوونەوەیە دەکەوێتە چوارچێوەی پابەندبوونی مێژوویی فەرەنسا بەرانبەر سوورییەکان کە ئاواتەخوازن بۆ ئاشتی و دیموکراسی، جەختیشی کردەوە، کە ماکرۆن داواکارییەکانی خۆی لە حکوومەتی سووریا دووپات دەکاتەوە، دیارترینیان سەقامگیری ناوچەکەیە بەتایبەتی لە لوبنان و شەڕی دژی تیرۆر.
لە سەرەتای مانگی شوباتدا، سەرۆکی فەرەنسا بانگهێشتی سەرۆکی سووریای کرد بۆ سەردانی فەرەنسا.
لە 8ـی کانونی یەکەمی 2024 دەستەی تەحریر شام، دیمەشقیان کۆنترۆڵ کرد و کۆتاییان بە دەسەڵاتی 61 ساڵەی بەعس و 53 ساڵەی بنەماڵەی ئەسەد هێنا، کە تەنیا بەشار ئەسەد 24 ساڵە پۆستی سەرۆکایەتیی وڵاتەکەی بەدەستەوە بوو.
لە مانگی یەکی ئەمساڵدا، ئیدارەی نوێی سووریا، ئەحمەد شەرعی بەسەرۆکی کاتیی ڕاگەیاند کە بڕیارە پێنج ساڵ بخایەنێت.
لەدوای گرتنە دەستی دەسەڵات، ئەحمەد شەرع تاوەکوو ئێستا سەردانی وڵاتەکانی سعوودیە،ئیمارات، قەتەر و تورکیای کردووە، بڕیاریشە لە 17ـی ئەم مانگە سەردانی بەغدا بکات بۆ بەشداریی لە لووتکەی عەرەبی.