ئەکسیۆس: ئیسرائیل لە شەڕی غەززە بیر لە بژاردەی ئەتۆمی دەکاتەوە

بەرپرسانی ئیسرائیل ڕایانگەیاند، تەلئەڤیڤ سەردانەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکای بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هەفتەی داهاتوو وەک دوا وادە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی نوێ دیاری کردووە، هەروەها هۆشداریشیان لە ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی بەرفراوان داوە.
ئاماژەیان بەوەش کردووە، ئەنجوومەنی ئاسایشی ئیسرائیل پلانێکی پەسەند کردووە، کەرتی غەززە داگیر بکات و تا کاتێکی نادیار لەژێر کۆنترۆڵی ئیسرائیلدا بمێنێتەوە، ئەوەش ئەگەر تا 15ـی ئایار ڕێککەوتن نەکرێت.
بەرپرسێکی ئیسرائیلی ڕوونی کردەوە، بژاردەی دیکەی لەبەردەستی فەلەستینییەکان ئەوەیە کەرتی غەززە جێ بهێڵن، بەڵام ئەستەمە دانیشتووان لە کەرتەکە بڕۆن، بە تایبەت تا ئێستا هیچ وڵاتێک ڕازی نەبووە فەلەستینییە وەربگرێت؛ بەڵام دانوستان لەگەڵ ژمارەیەک وڵات لەم بارەیەوە لە ئارادایە.
بەرپرسانی ئیسرائیل دان بەوەدا دەنێن ئەم پلانە نوێنەرایەتی بژاردەیەکی ئەتۆمی دەکات، جەخت لەوە دەکەنەوە، پێیان باشە لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا بگەنە ڕێککەوتن بۆ ئەوەی خۆیان لە بەکارهێنانی بژاردەی ئەتۆمی بەدوور بگرن.
بەپێی گوتەی بەرپرسانی ئیسرائیل، دۆناڵد ترەمپ، لە ئێستادا ڕۆڵی ڕاستەوخۆی لە هەوڵەکانی نێوەندگیریدا ناگێڕێت، ئەمەش بە شێوەیەک گڵۆپی سەوزی بۆ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەڵکردووە تاکوو بەو شێوەیە مامەڵە بکات کە بە پێویستی دەزانێت.
بەرپرسانی ئیسرائیل، هیوادارن هەڕەشەی لەشکرکێشییەکی بەرفراوان پاڵ بە حەماسەوە بنێت بۆ قبوڵکردنی مەرجەکانی ئیسرائیل بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانەکان.
بڕیارە ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو، ترەمپ سەردانێکی سێ ڕۆژە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەست پێ بکات و بچێتە سعوودیە و قەتەر و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی.