تورکیا دەستی بەسەر بارێکدا گرتووە 1300 ئامێری پەیجەری تێدا بووە

سێشەممە، 6ـی ئایاری 2025، ڕۆژنامەیەکی تورکی ئاشکرای کرد، هەواڵگری تورکیا پلانێکی بۆ هەناردەی ئامێری پەیجەری بۆ لوبنان پووچەڵ کردووەتەوە.
ڕۆژنامەی سەباحی تورکی بڵاوی کردەوە، هەواڵگری تورکیا دەستی بەسەر بارێکدا گرتووە کە 1300 ئامێری پەیجەری تێدا بووە، هاوشێوەی ئەو پەیجەرانەی کە ئەیلوولی 2024، لەدەستی ئەندامانی حزبوڵڵا لە لوبنان تەقینەوە و بەهۆیەوە سەدان برینداری لێکەوتەوە.
ڕۆژنامە تورکییەکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە "بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا ئەوکات ڕاپۆرتێکی پێگەیشت، کە بارێک ئامێری پەیجەر، لە 17 و 18ـی ئەیلوولی 2024، گەیشتووەتە ئیستانبوڵ، بارەکە لە هۆنگ کۆنگەوە هاتووە و 750 کیلۆگرام بووە و بڕیار بوو لە 27ـی ئەیلوول ڕەوانەی لوبنان بکرێت."
ڕۆژنامەکە ڕوونیشی کردەوە "بارەکە بەناوی خۆراکی ئامادە کراوەوە هاتووەتە تورکیا، بەڵام شارەزایانی بۆمب لە فڕۆکەخانەی ئیستانبوڵ کاتێک پشکنینیان بۆ کردووە و بۆیان دەرکەوتووە کە سندوقە خۆراکییەکان، 1300 پەیجەری گۆڵد ئەپۆلۆ لەگەڵ پاتریەکەی و 710 بارگاویکردنەوەی لاپتۆپ و کیبڵ و پاتری تێدایە."

پێشتر، بریکارەکانی پێشووی مۆساد بە سی بی ئێس نیوزیان ڕاگەیاندبوو، ئەو ئۆپەراسیۆنەی کردیانە سەر حزبوڵلا، 10 ساڵ پێشتر ئامادەکاریان بۆ کردووە.
لە ئەیلوولی 2024، ئامێرەکانی پەیجەر کە ئامێرێکی پەیوەندی بێتەلە، لە لوبنان تەقێنرانەوە، لە ئەنجامدا زیاتر لە سێ هەزار کەس پێکران، زۆرینەشیان ئەندامی حزبوڵلا بوون، کە بەشێکیشیان توانای بینینیان بە تەواوی لەدەست دا.
تەقاندنەوەی ئەو ئامێرانە دەرگای تیرۆرکردنی بۆ ئیسرائیل کردەوە، کە دیارترین سەرکردەکانی حزبوڵلای لوبنانی کوژران؛ لەوانە، لە 27ـی ئەیلوولدا حەسەن نەسروڵلا ئەمینداری گشتیی حزبوڵلای کوشت، دواتر جێگرەکەی هاشم سەفیەددین و چەندین کەسی بەرچاوی دیکەی ئەو گرووپەی کوشت.