کۆچەرانی مێردین و دیاربەکر گەیشتنە کوێستانەکانی مووش

کۆچەرانی مێردین و دیاربەکر مانگێک لەمەوبەر بە پیادە و ده‌وار بۆ کوێستانەکانی باکووری کوردستان کەوتنە ڕێ، ئەمڕۆ گەیشتنە ناوچە کوێستانییەکانی شەنیایلای مووش.

کۆچەرەکان تەنیا ناچنە کوێستانەکانی سنووری پارێزگای مووش، بەڵکوو کوێستانەکانی پارێزگاکانی وان و هەکاری کە شوێنێکی گرنگی بەخێوکردنی مەڕوماڵاتن، لە وەرزی هاویندا باوەش بۆ چەندین خێزانی کۆچەری و هەزارەها ئاژەڵ دەکەنەوە کە لە ناوچە گەرمەکانەوە ڕووی تێ ده‌كه‌ن.

ساڵانە لە دوای مانگی سێ (ئادار)، مەڕدار و ئاژەڵدارانی دیاربەکر و مێردین بەرەو ناوچە فێنک و سەوزەکان دەڕۆن، ئەمەش بەهۆی هەبوونی کەشوهەوایەکی گونجاو و بوونی لە وەڕگایەکی باش بۆ ئاژەڵەکان.

 کۆچەرەکان ئاژەڵەکانیان لە کوێستانە بە پیتەکانی ناوچەکە دەلەوەڕێنن و دواتر دەست دەکەن بە دۆشینییان، لە وەرزی هاویندا مەڕدارەکان شیرێکی زۆریان دەست دەکەوێت و دەیکەنە پەنیر و ڕۆن و چەندین بەرهەمی دیکە.

تەنیا هاووڵاتییان شیر و پەنیر ڕۆن ناکڕن، بەڵکوو ژمارەیەکی زۆری خاوەن کارگەکانی شیرمەنی تورکیا شیر و ڕۆنە خۆماڵییەکە لە مەڕدارەکان دەکڕن.

ئەو خانەوادانەی دەچن بۆ کوێستانەکان ژمارەیەک لە پیاوەکانیان چەند ڕۆژێك زووتر دەچن بۆ ئەوەی شوێنێکی باش ئامادە بکەن و ڕەشماڵەکانییان هەڵدەن.

کۆچەرەکان دوای نزیکەی پێنج مانگ لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوول کەلوپەلەکانیان دەخەنە پشتی دەوارەکان و بەرەو مێردین و دیاربەکر بەڕێ دەکەون و نزیکەی مانگێک بەڕێگاوە دەبن و لە کاتی گەڕانەوەدا بە باتمان و سێرتدا تێ دەپەڕن.

 

 

 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment