ترەمپ: هێرشەکانمان بۆ سەر حووسییەکان ڕادەگرین

سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت: حووسییەکان بە ئێمەیان ڕاگەیاند کە خۆیان ڕادەست دەکەن و ئیدی هێرش ناکەنە سەر کەشتییەکانی ئەمەریکا، ئێمەش هێرشەکانمان لە دژیان ڕاەگرین.
سێشەممە 6ـی ئایاری 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی لەگەڵ مارک کارنی، سەرۆک وەزیرانی کەنەدا کۆبووەوە.
دوای کۆبوونەوەکە ترەمپ قسەی بۆ ڕۆژنامەنووسان کرد و سەرەتا باسی لە حووسییەکان کرد و ئاماژەی بەوە دا، حووسییەکان بە ئێمەیان ڕاگەیاندووە خۆیان ڕادەست دەکەن و هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکانی ئەمەریکا ڕادەگرن، ئیدی ئێمەش هێرشەکانمان لە دژیان ڕادەگرین.
ترەمپ لەبارەی سەردانەکەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گوتی: بەر لەوەی سەردانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەم، پەیامێکی زۆر گرنگم دەبێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 6ـی ئایاری 2025، سوپای ئیسرائیل بە هاوکاری هێزەکانی ئەمەریکا، هێرشێکی چڕی کردە سەر فڕۆکەخانەی سەنعای پایتەختی یەمەن و پارێزگای حودەیدە.
حووسییەکان لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە غەززە، چەندین جار بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردووەتە سەر چەند ناوچەیەکی ئیسرائیل، دوو ڕۆژ لەمەوبەریش یەکشەممە 4ـی ئایار، چەند مووشەکێکیان ئاراستەی ئیسرائیل کرد و لە فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن کەوتووەتە خوارەوە یەکێکی دیکەش لە ناوەڕاستی وڵاتەکە کەوتە خوارەوە.
دەمانەوێت لەگەڵ کەنەدا دۆست بین
سەرۆکی ئەمەریکا لەبارەی کەنەداوە ڕایگەیاند: دەمانەوێت لەگەڵ کەنەدا و دۆست بین و پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوانمان فراوانتر بکەین، کە لە بەرژەوەندیی هەردوولامانە.
ئاماژەی بەوە کرد، ئێستاش لەو بڕوایەدام کەنەدا ببێتە ویلاتێک لە ئەمەریکا، ئەمەش لە بەرژەوەندیی وڵاتەکەیە ئەگەر ببێتە ویلایەتێکی ئەمەریکا، بەم شێوەیەش کەنەدا لە زۆر بواردا قازانج دەکات و بەرەو پێش دەچێت، هەم باجیشیان لەسەر کەم دەکرێتەوە.
ترەمپ، دەڵێت: من لە بواری خانووبەرە دەتوانم سوودم بۆ کەنەدا هەبێت.
لای خۆیەوە مارک کارنی، سەرۆک وەزیرانی کەنەدا، وەڵامی سەرۆکی ئەمەریکای دایەوە و گوتی: کەنەدا هەرگیز بۆ فرۆشتن نییە.
جەختی لەوەش کردەوە، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمەریکا بەهێزتر دەکەن، وەک خۆی ئاماژەی پێ دەکات، ئەمەش بۆ هەردوو وڵات زۆر باش دەبێت.
دۆناڵد ترەمپیش، لە کۆتاییدا، دەڵێت: ڕاستە کارنی پێی وایە کەنەدا بۆ فرۆشتن نییە، بەڵام ئەو قسەیە کاریگەی نابێت لەسەر گفتوگۆ و ڕێککەوتنەکانمان.