پێنج فڕۆکەی جەنگی هیندستان خرایە خوارەوە

سەرچاوەیەکی ئەمنیی هیندستان بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، سێ فڕۆکەی جەنگی هێزی هیندستان لە ئاسمانی خاکەکەی کەوتوونەتە خوارەوە و هۆکارەکەی ڕوون نەبووەتەوە، ئەوەش دوای شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان هەردوو وڵات لە بەرەبایانی ئەمڕۆ چوارشەممەدا ڕووی دا.
ئەو سەرچاوەیە ناوی ئاشکرا نەکردووە، ئاماژەی بەوەش کردووە، پاشماوەی دوو لەو فڕۆکانە لە کشمیر کە لەلایەن هیندستانەوە بەڕێوەدەبرێت دۆزراونەتەوە و سێیەمیشیان لە ویلایەتی پەنجاب باکوری ڕۆژئاوا دۆزراوەتەوە، بەبێ ئەوەی وردەکارییەکان و چارەنووسی فڕۆکەوانەکان دیکە بخاتەڕوو.
لای خۆیەوە سوپای پاکستان ڕایگەیاند "پێنج فڕۆکەی هیندستانیان لە ئاسمانی هیندستان خستۆتە خوارەوە، لەناویاندا سێ فڕۆکەی شەڕکەری ڕافالی دروستکراوی فەڕەنسا هەیە، ئەمەش دوای زنجیرەیەک هێرشی هیندستان بۆ سەر خاکی پاکستان.
لیوا ئەحمەد چاودەری، گوتەبێژی سوپای پاکستان ڕایگەیاند "سوپای پاکستان پێنج فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خستووەتە خوارەوە، ئەوەش وەک بەرگریکردن لە خۆی. ڕوونیشی کردەوە، ئەو فڕۆکانە بریتین لە "سێ فڕۆکەی ڕافال و یەک فڕۆکەی میگ-29 و یەک فڕۆکەی جۆری SU".
درەنگانی شەوی سێشەممە، 6ـی ئایاری 2025، سوپای هیندستان ڕایگەیاند "زیاتر لە نۆ پێگەمان لە خاکی پاکستان بۆردومان کردووە، ئۆپەڕاسیۆنەکە بۆ بە ئامانجکردنی ژێرخانی تیرۆرە" .
سوپای پاکستان لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاشکرای کرد، هیچ فڕۆکەیەکی هیندستان سنووری نەبەزاندووە و وەڵامی هێرشەکان دەدەینەوە، هەروەها بەهۆی هێرشەکەی هیندستانەوە، هەشت هاووڵاتی مەدەنی کوژران و 35ـی دیکەش بریندار بوون و دووکەسیش بێسەروشوێن بوون.
گرژییەکانی نێوان هیندستان و پاکستان دوای هێرشەکەی ڕۆژی سێشەممە، 15ـی نیسانی 2025 هات، کە چەکداران لە پاهالگام، لە کشمیر 26 کەسیان کوشت، کە ئەو ناوچەیە لەلایەن هیندستانەوە بەڕێوە دەبرێت. بەڵام هیچ لایەنێک بەرپرسیارەتی هێرشەکەی نەخستە ئەستۆی خۆی؛ هەرچەند نیودەلهی، ئیسلامی ئابادی بەوە تۆمەتبار کردووە کە ئەو لە پشت هێرشەکەوەیە، لای خۆیانەوە دەسەڵاتدارانی پاکستانیش ئەو تۆمەتە ڕەت دەکەنەوە.