باڵیۆزی ڕووسیا لە ئەنقەرە: دابەشکاریی لە سووریا هەیە و لەوانەیە زیاتریش ببێت
باڵیۆزی ڕووسیا لە ئەنقەرە رایگەیاند، ئێستا دابەشکارییەکی ڕوون لە سووریا هەیە و ئەگەری هەیە ئەم دابەشکاریەش زیاتر ببێت.
ئالێکسی یەرخۆڤ، باڵیۆزی ڕووسیا لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا ڕایگەیاند "ڕووداوەکانی ئەم دواییانە دەریانخستووە یەکپارچەیی خاکی سووریا لە مەترسیدایە، ڕووسیاش ئامادەیە هەموو هاوکارییەک لەپێناو سەقامگریی ئەو وڵاتە پێشکەش بکات."
یەرخۆڤ دەشڵێت: "ئاڵۆزی لە مامەڵەی پێکهاتە و تائیفەکانی سووریا لەگەڵ یەکتر هەیە، هەروەها ئیسرائیلیش بەشێک لە خاکی ئەو وڵاتەی کۆنترۆڵ کردووە. ئێستا دابەشکارییەکی ڕوون لە سووریا هەیە و ئەگەری هەیە ئەم دابەشکاریەش زیاتر ببێت."
ئەمە لە کاتێکدایە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل شوێنێکیان لە نزیک کۆشکی سەرۆکایەتیی سووریا بۆمباران کرد.
سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا دوای هێرشەکە لە ڕاگەیەنراوێکدا داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی کرد، پاڵپشتیی وڵاتەکە بکەن لە بەرەنگاربوونەوەی ئەو هێرشەی ئیسرائیل و بە پێشێلکردنی یاسا و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان ناوی برد.
هێرشەکەی ئیسرائیل دوای ئەوە هات، لە باشووری دیمەشق شەڕ لەنێوان دروزەکان و گرووپە چەکدارەکان روویدا کە بەهۆیەوە بەلایەنی کەمەوە 20 ئەندامی ئاسایشی سووریا کوژران.
ئەو پێکدادانە دواى ئەوە بوو کە لە 28ـی نیسان، لە یەکێک لە زانکۆکانی حومس دەمەقاڵێ کەوتە نێوان خوێندکارەکان و بە شێوەیەکی تائیفی لێک دراوەتەوە، کەسێک دەنگێکی تۆمار کردووە و بێڕێزی بەرامبەر بە پێغەمبەری ئیسلام کردووە (د. خ.) و وا بڵاوکرایەوە کە خاوەنی دەنگەکە دروزە.