لە زیقار نزیکەی 10 هەزار خێزان بەهۆی وشکە ساڵییەوە گوندەکانیان جێهێشتووە

تەنیا لە پارێزگای زیقار نزیکەی 10 هەزار خێزان بەهۆی وشکەساڵیەوە گوند و زەوییەکانیان بەجهێشتووە، سەرچاوەی داهاتیشیان لەدەستداوە.
هاووڵاتییەکی زیقار بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "هەموو کۆچیان کرد، کەس لێرە نەماوە، هەموو گوندنشینان ڕۆشتن و تەنانەت سادەترین پێداویستییەکانی ژیان لێرە نەماوە، ئەو گوندانەی ماویشنەتەوە بیر لەکۆچکردن دەکەنەوە، لەم گوندەی پشتی منەوە لەکۆی 70 خێزان تەنیا دوو خێزان ماونەتەوە.
هاووڵاتییەکی دیکەی زیقار دەڵێت: من ئێستا بەرگی ڕەشم پۆشیوە و دۆخم ئاوایە، هۆکارەکەی وشکەساڵییە، بیرەکان ئاویان تێدا نەماوە، هەندێک لە ئاوی حەوزەکانیش سوێربوون، منداڵێکی بچووکمان هەبوو بەهۆی وشکەساڵیەوە بە خراپی نەخۆشکەوت.
حەیدەر سەعدی، بەرپرسی دۆسیەی کۆچ و وشکەساڵی لە زیقار دەڵێت: وشکەساڵی و بەبیابانبوون بارێکی قورسن لەسەر حکوومەتی خۆجێی و حکوومەتی ناوەندیی، چونکە پێشهاتی زۆر ترسناک سەبارەت بەم دۆسیەیە هەیە، تا ئێستا نزیکەی 10 هەزار خێزان بەهۆی وشکەساڵیەوە زیقاریان بەجێهێشتووە، ئەمەش زۆرە، بەراورد بە پارێزگاکانی دیکە، مەترسی کۆچ مەترسییەکی هەنووکەییە.
پارێزگای زیقار یەکێکە لەو پارێزگایانەی عێراق زۆرترین خێزان تیایدا بەهۆی وشەکساڵیەوە کۆچیان کردووە، ساڵانێکیشە وشکەساڵی ئەم پارێزگایەی شەکەت و ماندوو کردووە.