تەندروستی عێراق: لە هەر پێنج عێراقییەک یەکێکیان جگەرە کێشە

وەسیم گەیلان: یاسایەک بۆ قەدەغەکردنی یەکجاری ڤەیپ دەردەچێت

چوارشەممە، 7ـی ئایاری 2025، وەسیم گەیلان، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی پرۆگرامی کۆنترۆڵکردنی تووتن لە وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕایگەیاند، بەم نزیکانە یاسای نوێ لە "یاسای پاراستن لە زیانەکانی تووتن" دەردەچێت، کۆتایی بە بڵاوبوونەوەی جگەرەی ئەلیکترۆنی، ناسراو بە "ڤەیپ" لە وڵاتدا دەهێنێت.

وەسیم گەیلان، لە لێدوانێکی تەلەڤزیۆنیدا گوتی: "یاساکە بە یەکجاری هاوردەکردن و کڕین و فرۆشتنی جگەرەی ئەلیکترۆنی قەدەغە دەکات"، جەختیشی کردەوە "یاسا نوێیەکە میکانیزمەکانی ڕوون کردووەتەوە بۆ جێبەجێکردنی سزا و سزای پێبژاردن و دەستبەسەرداگرتنی ڤەیپ بۆ هەر کەسێک کە یاساکە پێشێل بکات."

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی تەندروستی عێراق هۆشداریدا لە مەترسییە تەندروستییە بەرچاوەکان کە بەهۆی جگەرەی ئەلیکترۆنیەوە دروست دەبێت، ئاماژەی بەوەش کرد، بەشێوەیەکی بەرچاو لە نێو گەنجان و منداڵان و تەنانەت کچانیشدا بڵاوبووەتەوە.

وەسیم گەیلان، ڕوونیکردەوە "داواکاری لەسەر ئەم جۆرە جگەرەیە دەگەڕێتەوە بۆ شێوە و ڕەنگە سەرنجڕاکێشەکانی"، دەشڵێت، "کاریگەریی مەترسیداری لەسەر مێشک و هەستی مرۆڤەکان هەیە."

لەو چوارچێوەیەدا وەسیم گەیلان، ئامارێکی مەترسیداری ئاشکرا کرد و گوتی: "لە هەر پێنج عێراقییەک یەکێکیان جگەرە دەکێشێت".

بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی تەندروستی عێراق، جگەرەکێشان لە پێشەنگی ئەو 10 هۆکارە سەرەکیەی مردنە لە عێراق.

 
 
Fly Erbil Advertisment