حکوومەتی فەڵەستین دۆخی برسییەتی لە کەرتی غەززە ڕاگەیاند

ئەمڕۆ چوارشەممە بۆ یەکەمجار محەممەد مستەفا، سەرۆک وەزیرانی فەڵەستین، کەرتی غەززەی بە ناوچەی برسیی ناساند.

چوارشەممە، 7ـی ئایاری 2025، محەممەد مستەفا، سەرۆک وەزیرانی فەڵەستین، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دەربارەی تێکچوونی دۆخی مرۆیی لە کەرتی غەززە، داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد دەستبەجێ میکانیزمەکانیان چالاک بکەن و وەکوو ناوچەیەکی برسیی مامەڵە لەگەڵ کەرتی غەززەدا بکەن.

لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا، سەرۆک وەزیرانی فەڵەستین، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، بڕیارنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان جێبەجێ بکات، کە برسیکردنی وەک چەکی شەڕ قەدەغە دەکات، هەروەها هەموو وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بەپێی پابەندبوونەکانیان و یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان، ڕێوشوێنی بەپەلە بگرنەبەر و دان بە کارەسات و برسییەتیدا بنێن.

محەممەد مستەفا جەختیشی کردەوە، حکوومەتی فەلەستین بەردەوام دەبێت لە کارکردن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کردەی دوژمنکارانە و برسیەتیی دژی گەلەکەمان، هەروەها لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کاردەکات بۆ ڕزگارکردنی ژیانی هاووڵاتیانمان و گەیشتن بەهۆکارەکانی بووژانەوە و ئاوەدانکردنەوە .