ئاسایشی دیمەشق پزیشکێکی دەستگیر کرد بە دەرزی ژەهراوی دەستگیرکراوانی کوشتووە

وێنەی بەسام دوای دەستگیرکردنی
وێنەی بەسام دوای دەستگیرکردنی

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی دیمەشق، پزیشکێکی بەناوی بەسام یوسف سەلمان عەلی، دەستگیر کرد، کە یەکێک بووە لەو پزیشکە ئەفسەرانەی لە سەردەمی ڕژێمی پێشوودا، لە نەخۆشخانەی سەربازیی تشرین کاری کردووە.

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی دیمەشق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، تاوانبار "بەسام یوسف" بە یەکێک لەو کەسانە دادەنرێت کە تێوەگلاوە لەو تاوانە پزیشکییانەی دژی دەستگیرکراوان کراون. ئەو نەخۆشخانەی تشرینی گۆڕیبوو بۆ کوشتارگەی مرۆڤ، هەروەها لە ئەشکەنجەدان و کوشتنی ئەو دەستگیرکراوانەدا بەشدار بووە، کە ڕەوانەی نەخۆشخانەکە کراون.

بەسام، ژمارەیەک دەستگیرکراوی بە دەرزی ژەهراوی لەناو نەخۆشخانەکەدا کوشتووە، ئەمەش پێشێلکردنی ئاشکرای سەرجەم یاسا پزیشکی و مرۆییەکانە.

ئاسایشی دیمەشق، ئاماژەی بەوەش دا، ئەو تاوانبارە دەستی هەبووە لە بازرگانیکردن بە ئەندامەکانی لەشی مرۆڤ و ڕەشبگیریی بنەماڵەی دەستبەسەرکراوان.

وەزارەتی ناوخۆ لە کەناڵی تێلێگرامی خۆیدا ڕایگەیاندووە، لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوامن لە لێکۆڵینەوەکانیان سەبارەت بەو تاوانبارە بۆ ئاشکراکردنی گشت ئەو تاوانانەی کە لە ماوەی ساڵانی خزمەتکردنی سەردەمی دەسەڵاتی تاوانکاریی ئەسەد، کردوویەتی.

 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل