دۆناڵد ترەمپ بەنیازە ناوی کەنداوی فارس بۆ کەنداوی عەرەبی بگۆڕێت

ترەمپ دەیەوێت ناوی کەنداوی فارس بۆ کەنداوی عەرەبی بگۆڕێت و عێراقچیش دەڵێت، ئەمە نیشانەی دوژمنایەتیی خاک و گەلی ئێرانە.
ئاژانسی هەواڵی ئاسۆشەیتدپرێس لە زاری دوو بەرپرسی ئەمریکاییەوە ڕایگەیاندووە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەیەوێت هەفتەی داهاتوو لە کاتی سەردانەکەی بۆ سعوودیە، ناوی کەنداوی فارس بۆ کەنداوی عەرەبی، یان کەنداوی عەرەبستان بگۆڕێت.
پێشتر لە نوسخەی ئەمریکایی گووگڵمەپسدا وەک 'کەنداوی فارس-کەنداوی عەرەبی' ناوەکە تۆمار کراوە، بەڵام ئەپڵمەپس تەنیا ناوی 'کەنداوی فارس' ی بەکار هێناوە.
لە کاردانەوەیدا بەرانبەر بەو هەواڵە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە تۆڕی ئێکس ڕایگەیاندووە "گۆڕینی ناوی مێژوویی کەنداوی فارس نیازی دوژمنایەتیی ئێران و خەڵکەکەی دەر دەخات و بەتوندی سەرکۆنەی دەکەین."
عێراقچی، ئەو کارە بە بێڕێزیی بە هەموو ئێرانییەک وەسف دەکات و ئاماژە بەوەش دەکات، ترامپ دەزانێت ئەو ناوە لەلایەن هەموو دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و دانەرانی نەخشە جوگرافییەکانەوە بەفەرمی ناسراوە، بۆیە ئەوە هەنگاوێکی سیاسییە و هیوادارە ئەوە تەنیا دەنگۆیەکی پووچەڵ بێت.