جەی دی ڤانس: ڕێگری لە ئێران دەکەین ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند: هیچ دەرفەتێک بۆ ئێران ناهێڵینەوە تا ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و دانوستانەکانیشمان لەگەڵ ئەو وڵاتە تا ئێستا بە باشی بەڕێوە دەچن.

چوارشەممە 7ـی ئایاری 2025، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا لە چاوپێکەوتنێکدا، ڕایگەیاند: ئێران دەتوانێت وزەی ئەتۆمی مەدەنی هەبێت، بەڵام نابێت چەکی ئەتۆمی هەبێت.

باسی لەوەش کرد، ڕێگری دەکەن لەوەی ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. جێگری سەرۆکی ئەمەریکا دەشڵێت: دانوستانەکانمان لەگەڵ ئێران تا ئێستا بە باشی بەڕێوە دەچن.

جەی دی ڤانس، ئاماژەی بەوە کرد، پێمان وایە گرێبەستێک بۆ تێکەڵکردنەوەی ئێران لەگەڵ ئابووریی جیهانی هەیە.

لەبارەی جەنگی ئۆکرانیا و ڕووسیاوە، جەی دی ڤانس، داوای دانوستانی ڕاستەوخۆی نێوان هەردوو وڵات دەکات بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە جەنگی سێ ساڵەی نێوانیان.

گوتیشی: پێمان وایە ئێستا ئەستەمە بتوانین نێوەندگیری لە نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا بە بێ دانوستانی ڕاستەوخۆ بکەین، بۆیە سەرنجمان لەسەر ئەو بابەتە دەبێت.

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا, ئاشكرایشی كرد, ئه‌مه‌ریكا وای ده‌بینێنێت ڕووسیا له‌ باره‌ی دانوستانه‌كانی له‌گه‌ڵ ئۆكرانیا داواكاری زۆری هه‌یه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا پێی وانییه‌ کە مۆسكۆ گرنگی به‌ ئاشتیی نه‌دات.

سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، ڕووسەکان دەڵێن ئاگربەستی 30 ڕۆژە لە بەرژەوەندیی ستراتیجیەتی ئێمەدا نییە. گوتیشی: ئێمە لەگەڵ هەردوولا هەوڵ دەدەین تا بگەنە ڕێککەوتن و ئاگربەستی درێژخایەن ڕابگەینن.