هەرێمی کوردستان.. 163 جۆری ئۆتۆمبێلی تایبەت دەکرێنە تەکسی

دوای بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ بۆ تۆمارکردنی تەکسی نوێ لە سنووری پارێزگای هەولێر یەکەم ئۆتۆمبێلی تایبەت دەکرێت بە تەکسی، خاوەنەکەی ئاماژە بەوە دەکات لەبەر کۆنی ئۆتۆمبێلەکەی دەیەوێت بیگۆڕێت و دەست بە جێبەجێکردنی ڕێککارەکانی دەکات.
چوارشەممە، 7ـی ئایاری 2025، کارزان جەلال شۆفێری تەکسییە و بە کوردستان24ـی ڕایگەیاند: بڕیارەکە لە بەرژەوەندی شۆفێرانە و لەبەر کۆنی ئۆتۆمبێلەکەی زوو زوو سەردانی پیشەسازیم ( سناعە)دەکرد بۆ چاککردنەوە، هەر بۆیە ئەم بڕیارە کاریگەری لەسەر خاوێنبوونەوەی ژینگەی ناو شاریش دەبێت.
لەلای خۆیەوە، هێمن حەمەئەمین، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند: یەکێک لە لایەنە باشەکانی ئەم بڕیارە ئەوەیە هیچ بوارێکی بۆ قۆرغکاری نەهێشتووەتەوە و هیچ بڕاندێکی ئۆتۆمبێڵیش بایەخی بەدیاریکراوی پێنەدراوە، بەڵکو بەبێ جیاوازی بڕیارەکە دراوە.
گوتەبێژی هاتوچۆی هەولێر گوتیشی: 89 جۆر ئۆتۆمبێلی بەنزین لە بڕاندە جیاوازەکان دەکرێن بە تەکسی، لەگەڵ 74جۆر ئۆتۆمبێلی جیاواز لە بڕاندەکانی، کارەبایی، هایبرێد، هەجین، هاووڵاتییان بەگوێرەی ویست و ئارەزووی خۆیان دەتوانن بیکەن بە تەکسی.
بەپێی بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ 163 جۆری ئۆتۆمبێلی کە بە بەنزین یان بە کارەبا کار دەکەن دەتوانن بکرێتە تەکسی، ئەو بڕیارە هۆکارێکە بۆ زیاتر هاندانی شوفێڕان کە زیاتر ئۆتۆمبێلی دۆستی ژینگە بە کاربهێنن و رسوماتیش لەو کەسانە وەرناگیرێت کە ئۆتۆمبێلەکانیان کارەبایین، هەر ئۆتۆمبێلێک کە دەکرێت بە تەکسی مەرجە ڕەنگی ئۆتومبێلەکە بکات بە ڕەنگی تەکسی کوردستان.